لە کاتی گەشتی ئاسمانیدا چی بەسەر جەستەدا دێت؟

رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، کاریگەرییە فیزیۆلۆژی و چاوەڕواننەکراوەکانی فڕین لەسەر جەستەی مرۆڤ دەخاتە روو، کە تێیدا روونکردنەوە لەسەر گۆڕانکارییەکانی بەرزایی 30 هەزار پێ دەدرێت.

رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، لە زاری کۆمەڵێک پسپۆڕی تەندروستییەوە، بڵاوی کردەوە، گەشتکردن لە بەرزایی 30 هەزار پێدا ، کە هاوتایە بە نزیکەی 9 بۆ 10 کیلۆمەتر لەسەر ئاستی دەریاوە، دۆخێکی سروشتی نییە بۆ مرۆڤ. هەر بۆیە دەرکەوتنی چەندین کاریگەریی لاوەکی لە کاتی فڕیندا شتێکی تەواو چاوەڕوانکراوە.

بە پێی گوتەی پرۆفیسۆر "ئادەم تایلەر"، پسپۆڕی توێکاریی کلینیکی لە زانکۆی لانکاستەر، هۆکاری سەرەکیی ئەم کاریگەرییانە بۆ "پەستانی کابینە" دەگەڕێتەوە کە جیاوازە لە پەستانی سەر زەوی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین و کار دەکاتە سەر ئەو ئەندامانەی کە هەوایان تێدایە، وەک کۆئەندامی هەرس و کۆئەندامی هەناسە، بە تایبەتی لای ئەو گەشتیارانەی کە بەدەست نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەناڵێنن. هەروەها دابەزینی رێژەی شێداری لە ناو کابینەی فڕۆکەدا رۆڵێکی سەرەکی لەم گۆڕانکارییە ژینگەییە گەورەیەدا دەگێڕێت.

 

دیارترین نیشانە و کاریگەرییە جەستەییەکان لە کاتی گەشتی ئاسمانیدا ئەمانەن:

 

بوورانەوە (لەهۆشخۆچوون)

پرۆفیسۆر تایلەر روونکردنەوە دەدات کە حاڵەتەکانی بوورانەوە نزیکەی سێیەکی حاڵەتە فریاگوزارییە پزیشکییەکان لە ناو فڕۆکەدا پێکدەهێنن. 

لە لایەکی دیکەوە دکتۆر رۆجەر هێندەرسۆن، پسپۆری نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت: کەمبوونەوەی ئۆکسجین لەگەڵ وشکبوونەوەی جەستە و دانیشتنی زۆر بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبێتە هۆی ماندووبوونێکی نائاسایی و دابەزینی کاتیی پەستانی خوێن، بە تایبەت لای ئەوانەی دڵەڕاوکێیان هەیە یان کاتێک لەپڕ هەڵدەستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گێژخواردن و لەهۆشخۆچوون. رێنمایی دەکرێت کە گەشتیاران ئاوی پێویست پێش گەشتەکە و لە کاتی فڕیندا بخۆنەوە و لە خواردنەوەی کحول دوور بکەونەوە.

 

گۆڕانی حەزی تامکردن

دکتۆر هێندەرسۆن ئاماژە بەوە دەکات، بێ تامیی خۆراک لە ناو فڕۆکەدا خەیاڵ نییە، بەڵکو بەهۆی وشکیی هەوای کابینەکەیە کە شێی دەم و لووت کەم دەکاتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر کارکردنی خانەکانی تامکردن و بۆنکردن. لەم دۆخەدا تامی شیرین و سوێر زیاتر کاریگەر دەبن و کەم دەبنەوە، لە کاتێکدا تامی ترش، تامی خواردنی خۆش کەمتر کاریگەر دەبن.

 

 

ئاوسانی گەدە و غازات

دکتۆر "میگان رۆسی" روونی دەکاتەوە ، کە کشانی هەوای ناو ریخۆڵەکان لە کاتی بەرزبوونەوەی فڕۆکەدا بەهۆی نزمبوونەوەی پەستانی هەواوە روودەدات، کە ئەمەش هەمان ئەو دیاردەیە کە دەبێتە هۆی ئاوسانی بوتڵی ئاو و کیسەی چپسەکان. بۆ رێگری لەم کێشەیە، ئامۆژگاری گەشتیاران دەکات کە لە رۆژی گەشتەکەدا ژەمی قورس نەخۆن و خواردنەکانیان دابەشی سەر پێنج بۆ شەش ژەمی بچووک بکەن و بە هێواشی بیجوون.

 

زرنگانەوە و ئازاری گوێ

ئازار و دروستبوونی پەستان لە ناو گوێدا بەهۆی گۆڕانی خێرای بەرزایی لە کاتی فڕین و نیشتنەوەدا روودەدات. بۆریی "ئۆستاکی" کە ئەرکی هاوسەنگکردنی پەستانی نێوان گوێی ناوەڕاست و ژینگەی دەرەوەیە، ناتوانێت بەو خێراییە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێت، بە تایبەت ئەگەر گەشتیارەکە تووشی هەڵامەت یان حەساسیەتی جیوب بووبێت. بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە، ئاوخواردنەوە، باوێشکدان یان شیرینی خواردن یارمەتیدەر دەبن.

 

وشکبوونەوەی پێست، لێو و چاو

بۆچی لە ناو فڕۆکەدا پێست و چاو وشک دەبنەوە؟ چونکە رێژەی شێداری بۆ کەمتر لە %20 دادەبەزێت، کە ئەمەش زۆر کەمترە لە ژینگەی ئاسایی سەر زەوی. دکتۆر هێندەرسۆن ئامۆژگاری دەکات کە گەشتیاران کرێمی شێدارکەرەوە پێش گەشتەکە و دوای گەشتەکە بەکاربهێنن و ئاوی زۆر بخۆنەوە.

 

ئاوسانی پاژنەی پێ

دکتۆر "عاسیمە حەنیف"، پزیشکی گشتی لە دەستەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، روونی دەکاتەوە، کە دانیشتنی زۆر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ قاچەکان و راگرتنی شلە، ئەمەش ئاوسانی پاژنەی پێی لێدەکەوێتەوە. 

هاوکات رێنمایی دەدات کە گەشتیاران لە ناو فڕۆکەدا بجوڵێن و قاچەکانیان بجوڵێنن. دەشڵێت: ئەگەر تەنیا یەک قاچ ئاوسا و تەنگەنەفەسی یان ئازاری سنگیشی لەگەڵدا بوو، دەبێت دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت چونکە نیشانەیە بۆ جەڵتەی خوێن.