ریاز بۆ بەغدا: رێگە مەدەن لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر سعوودییە
"رێکارە پێویستەکان دەگرینەبەر بۆ وەڵامدانەوەی سەرچاوەی دەستدرێژییەکان"
وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکانی میلیشیاکانی لە عێراقەوە کرد، کە دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، لە راگەیەنراوێکدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشی درۆنی میلیشیاکانی عێراق کرد بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودییە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سعوودییە وەڵامدانەوەی هێرش و دەستدرێژییەکان بە مافی خۆی دەزانێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە داوای لە حکوومەتی عێراق کردەوە کە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر، بۆ گەرەنتییکردنی رێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک بنکە و سەرچاوەیەک بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی بەرامبەر سعوودییە.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی نوێی ئاسمانی بدەنەوە و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاندووە، ئەم هەوڵە مەترسیدار و تێکدەرانە لە ناو خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردووە و لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراون.