فڕۆکەیەکی ئوسترالی بۆ زیاتر لە 24 کاتژمێر لە ئاسمان مایەوە

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی کانتاسی ئوسترالی سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی درێژترین گەشتی فڕۆکەیەکی بازرگانی لە مێژوودا، پاش ئەوەی فڕۆکە نوێیەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێر بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ وەستان لە ئاسماندا مایەوە پێش ئەوەی لە شاری تولوزی فەرەنسا بنیشێتەوە.

سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتی میدیاکانی جیهان، فڕۆکەیەکی تاقیکاریی سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "کانتاس" (Qantas)ی ئوسترالی، توانی ریکۆردێکی بێپێشینە لە مێژووی فڕۆکەوانیدا تۆمار بکات، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر و 24 خولەک بە فڕینی بەردەوام لە ئاسماندا مایەوە، و پاش بڕینی مەودای 23,075 کیلۆمەتر بە سەر هەردوو زەریای هێمن و ئەتڵەسیدا، لە فڕۆکەخانەی کارگەی کۆمپانیای ئەیر پاس لە شاری تولوز لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا نیشتەوە.

ئەم گەشتە مێژووییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "پڕۆژەی سەرهەڵدانی خۆر" (Project Sunrise)ـی سەر بە کۆمپانیای کانتاسدایە، کە ئامانجیەتی لە رێگەی فڕۆکەی نوێی جۆری "Airbus A350-1000 ULR"ـەوە گەشتی راستەوخۆ و بێ وەستان لە نێوان کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئوسترالیا بەرەو لەندەن و نیویۆرک دابین بکات. ئەم هێڵە کە پێشتر بە "رێگای کەنغەر" دەناسرا و بڕینی پێویستی بە 5 رۆژ کات بوو، لە ساڵی 2027ـەوە تەنیا بە یەک گەشتی راستەوخۆی 19 تا 21 کاتژمێری ئەنجام دەدرێت.

پێشتر ریکۆردی درێژترین گەشتی ئاسمانی بە ناوی فڕۆکەی "بۆینگ 777-200LR" بوو لە ساڵی 2005دا کە گەشتەکەی لە نێوان هۆنگ کۆنگ و لەندەندا 22 کاتژمێر و 42 خولەکی خایاندبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاودێریی فڕینی جیهانی "فڵایت رادار 24"، ئەم گەشتە دووەم پڕبینەرترین گەشتی مێژوویی ماڵپەڕەکەیان بووە لە دوای گواستنەوەی تەرمی شاهانەی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم لە ساڵی 2024دا؛ بە جۆرێک زیاتر لە 3.6 ملیۆن هاوڵاتی لە جیهاندا چاودێریی رێڕەوی گەشتەکەیان کرد لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی کەنەدادا.

کۆمپانیای کانتاس داواکاریی کڕینی 12 فڕۆکەی هاوشێوەی پێشکەش بە کۆمپانیای ئەیر باسی فەرەنسی کردووە، کە خاوەنی کۆگایەکی زیادەی سووتەمەنییە بە بڕی 20 هەزار لیتر و جێگەی 238 سەرنشین دەبێتەوە، و بڕیارە یەکەم فڕۆکەیان لە نیسانی ساڵی 2027دا بە فەرمی رادەست بکرێت.