جەنگی مەجید: رۆژانە دوو ملیۆن لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایگەیاند: لە پارێزگای هەولێردا 26 بەنزینخانە دەستیان بە دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیادکردنی بڕی ئەم بەنزینە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی دەبێت.
سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا گوتی: دۆخی گرانبوونی بەنزین و کەمیی بڕەکەی لە بازاڕدا، پەیوەندیی راستەوخۆی بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، رایگەیاند: "عێراق رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بەرهەمی بەنزینەکەی دەگاتە 30 ملیۆن لیتر؛ بەو پێیەش پشکی راستەقینە و شایستەی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن لیترە، بەڵام حکوومەتی عێراق لەم بابەتەدا هاوکار نییە."
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە پارێزگای هەولێردا 26 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری دابەش دەکەن و، جەختی لەوەش کردەوە کە زیادکردنی بڕەکەی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی دەبێت.
جەنگی مەجید، دەشڵێت: ئەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی کە ئێستا بۆ پاڵاوتن پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە و پێویستە بڕەکەی زیاد بکرێت.
سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی دۆخی بازاڕی سووتەمەنیش، جەنگی مەجید روونی کردەوە، کە بەنزینخانەکان وەک پێشتر بەنزین بە نرخی بازرگانی دەفرۆشن، بەڵام دابینکردنی بەنزینی حکوومی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی بازرگانی و دابەزینی نرخەکەی.