ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن

سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند، بە چەند مووشەکێکی بالیستی بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای ئەمریکایان لە ئوردن کردووەتە ئامانج. 

ئەمڕۆ چوارشەممە،29ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی کرد "ئەگەر هەڕەشە و جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا دژی بەرژەوەندییەکانمان بەردەوام بن".

لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کاتژمێر 12:45 خولەکی شەو بە کاتی ئوردن مووشەکەکانیان تەقاندووە.

سێنتکۆم هێرشەکەی بە هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناکاو وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە سیستەمی بەرگریی ئەمریکا توانیویەتی سەرجەم مووشەکەکان بە سەرکەوتوویی تێکبشکێنێت و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لەناو بنکە سەربازییەکەدا نەکەوتووەتەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئەم هێرشە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئارامییە کاتییەی، لە چەند رۆژی رابردوودا هەبوو. ئەم هێرشە تەنیا چەند رۆژێک دوای بڕیارەکەی تڕەمپ دێت بۆ راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران، کە ئامانج لێی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بوو.

تڕەمپ رۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوە دابوو واشنتن و تاران گفتوگۆی باشیان هەیە، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر رێڕەوە دیپلۆماسییەکە شکشت بهێنێت، بۆردومانەکان دەستپێدەکەنەوە. لە بەرامبەردا ئێران بوونی هەر گفتوگۆیەکی راستەوخۆی رەتکردەوە و رایگەیاند کە پەیامەکان تەنیا لە تێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەگۆڕدرێنەوە.

ئێستا عومان سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو واژۆ کرابوو. دانوستانەکان لەسەر پرسی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چڕبوونەتەوە، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر ئوردن گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ ئەو هەوڵانە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوەیت و بەحرەین چەندین جار رووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی ئێران بوونەتەوە. سەختترین هێرش لە 17ـی تەممووزدا بوو بۆ سەر بنکەیەک لە ئوردن، تێیدا دوو سەربازی ئەمریکی کوژران و یەکێکی دیکەشیان بێسەروشوێن بوو.