رۆیتەرز: ئێران سەدان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە چین دەکڕێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم کاروانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی چینی وەربگرێت. ئەمە وەک هەوڵێکی تاران بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا لێکدەدرێتەوە.
بەگوێرەی چەند میدیاییەکی ئیمارات و سعوودیە، گرێبەستەکە کڕینی 300 بۆ 400 سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری ئەوانەی لەسەر شان دادەنرێن لەخۆدەگرێت، لەوانە مووشەکەکانی جۆری (QW-12) و (FN-16). بەهای ئەم گرێبەستە بە 60 بۆ 70ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و بە یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی مەودا کورت دادەنرێت.
ئەم هەنگاوەی ئێران لە میانی گرژی و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، کەلێن و لاوازی لە سیستەمی پاراستنی بنکە سەربازییەکان و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەدا دەرکەوتووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گرێبەستەکە لە رێگەی کۆمپانیای "چۆنگچینگ باوشانگ ئینتەرناشناڵ ئینڤێستمێنت" کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، وەک نێوەندگیر لە نێوان تاران و دابینکەرە چینییەکە واژۆ کراوە.
سەبارەت بە شێوازی گەیاندنی چەکەکان، بڕیار وایە بارەکان لە شاری ئورومچی لە رۆژئاوای چینەوە بە رێگەی ئاسمانی رەوانە بکرێن و بە خاکی پاکستاندا تێپەڕن بۆ ناو ئێران، هەرچەندە هێشتا روون نییە قۆناخی کۆتایی گواستنەوەکە بە ئاسمانی دەبێت یان وشکانی.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین بە توندی ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەم راپۆرتانە هیچ بنەمایەکیان نییە و چین هەمیشە رۆڵی لە چەسپاندنی ئاشتیدا هەبووە." لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەمبارەیەوە بدەن.