ستارلینک لە عێراق کاراکرا
کۆمپانیای ستارلینک-ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە فەرمی عێراقی خستە نێو نەخشەی ناوچە چالاک و بەردەستەکان بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی.
بەگوێرەی نەخشەی فەرمیی لە وێبسایتی ستارلینک بەردەستە، عێراق بە رەنگی چالاک (بەردەست) دەرکەوتووە و ئێستا عێراقییەکان لە تەواوی ناوچەکان دەتوانن راستەوخۆ داوای ئامێر و بەشداربوونی خزمەتگوزارییەکە بکەن.
لە ماوەی رابردوودا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رێککەوتنی مۆڵەتدانی فەرمیی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکە واژۆکرد، ئامانجەکەش رێکخستنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.
لە زانیارییەکانی وێبسایتی ستارلینکدا هاتووە، خزمەتگوزارییەکە راستەوخۆ ئینتەرنێتی خێرا و ئارام بۆ بەکارهێنەران لە سەرتاسەری ناوچەکان دەستەبەر دەکات، بە تایبەتی لە ناوچە دوورەدەست و گوندنشینانەی، هێڵەکانی ئینتەرنێتی زەمینییان پێنەگەیشتووە.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەلیغ ئەبو کەلال، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، دەستپێکردنی خزمەتگوزاری ستارلینکی لە عێراق راگەیاند.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) دووپاتی کردووەتەوە، ئێستا خزمەتگوزارییەکە بە فەرمی لە عێراق دەستیپێکردووە.
ئەم راگەیەندراوە دوای چەند مانگێک لە رێکارە رێکخستنی و تەکنیکییەکانی تایبەت بە هێنانەناوەوەی ئینتەرنێتی ئاسمانی بۆ بازاڕی عێراق دێت، تاوەکو بەکارهێنەران بەگوێرەی رێنماییە پەسەندکراوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان سوود لە خزمەتگوزارییەکە وەربگرن. نرخی مانگانەی ستارلینک لە عێراق بۆ خێرایی 100 مێگابیت لە چرکەیەکدا، بە 131,500 دینارە.