سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر سێ کەشتیی بازرگانی

فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کراونەتە ئامانج و راگیراون.

لە راگەیەندراوەکەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هاتووە، هێزەکانمان بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی تەواوی گەرووی هورمز و پارێزگاری لێی.

پێش چەند کاتژمێرێک، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئێمە بەردەوام بوون لە جووڵە لەسەر رێڕەوێکی نائارام و نایاسایی، کرانە ئامانج و راگیران.

هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران جارێکی تر هۆشداری دەدەنەوە کە دەستوەردانەکانی سوپای ئەمریکا و فەرمانە نایاساییەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت.

ئەمڕۆ دۆخی ناوچەکە بە ئاڵۆزییەکی توند تێدەپەرێت، چونکە ئەمریکا و سعوودیە هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، لەلایەکی دیکەوە ئوردن خستنە خوارەوەی پێنج درۆنی ئێرانی راگەیاند.