جەی کلەیتن بە فەرمی بووە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دامەزراندنی "جەی کلەیتن"ی وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا بە شێوەیەکی هەمیشەیی پەسەند کرد؛ ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دواخستنی پەسەندکردنی کاندیدکردنەکەی دێت.

دوای پەسەندکردنەکە، ترەمپ ستایشی جەی کلەیتنی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"دا نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە جەی کلەیتنی مەزن دەکەم".

ترەمپ لە پەیامەکەیدا کلەیتنی بە "کەسایەتییەکی دیار بە هەموو پێوەرێک" وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە کلەیتن لە پۆستە نوێیەکەیدا وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی سەرکەوتوو دەبێت.

کلەیتن، کە پێشتر داواکاری گشتیی ئەمریکا بووە لە ناوچەی باشووری نیویۆرک و سەرۆکی پێشووی دەستەی کاغەزە داراییەکان و بۆرسە بووە، درەنگانی شەوی سێشەممەی رابردوو بە زۆرینەی 51 دەنگ لە بەرامبەر 47 دەنگدا، لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بۆ پۆستە نوێیەکەی پەسەند کرا.

کۆمارییەکان هیوادار بوون لە حوزەیرانی رابردوودا کلەیتن لە پۆستەکەی دەستبەکار بێت، بەڵام ترەمپ دانیشتنی تاوتوێکردنی کاندیدکردنەکەی دواخست، تاوەکو رێگە بە "بێڵ پۆڵتی"، کاندیدی کاتیی پۆستەکە بدات بۆ چەند هەفتەیەک دەستبەکار بێت، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی "تولسی گابارد"، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگاکە.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات لە دەستبەکاربوونی ئەوکاتی پۆڵتی نیگەران بوون، چونکە پۆڵتی بەرپرسێکی پێشووی کەرتی نیشتەجێبوونە و هیچ ئەزموونێکی لە بواری هەواڵگریدا نەبووە.

جەی کلەیتن کێیە؟

جەی کلەیتن دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی ئیدارەی ئەمریکای وەرگرت. سەرەڕای ئەوەی ژیانی پیشەیی کلەیتن زیاتر بە یاسا و بازاڕە داراییەکانەوە بەستراوەتەوە نەک بە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە، ئەمەش وای کرد کاندیدکردنی ببێتە جێی گفتوگۆی فراوان لە واشنتن.

کلەیتن هاوسەرگیری لەگەڵ "گریتچن کلەیتن" کردووە، کە پارێزەرێکی پسپۆڕە لە بواری پابەندبوون و چاودێریی دارایی. کلەیتن بە دوورەپەرێزیی رێژەیی لە چاوی میدیاکان ناسراوە، چونکە زۆربەی ژیانی پیشەیی خۆی لە بوارەکانی یاسایی و داراییدا بەسەر بردووە.

پێش ئەوەی بڕوانامەی یاسا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی پێنسلڤانیا بەدەست بهێنێت، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هەمان زانکۆ وەرگرتبوو.