ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی روویدا؟
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعوودیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا چەندین پێگە، کۆگای چەک و بنکەی سەربازیی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق بۆردومان کرد، ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بوو بۆ زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا کە لەناو خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرابوون، ئەمەش دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر بردووە.
کوژرانی 10 چەکداری حەشدی شەعبی
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بارەگانیان لە پارێزگای بەسرە و ئامرلی و نەینەوا و کەربەلا کراوەتە ئامانج و تەنیا لە بەسرە 10 چەکداریان کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون، هەروەها حەشدی شەعبی جەختی کردەوە، هێرشکردنە سەر بنکە فەرمییەکانیان بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراقە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو بەڵگانە بکەن کە لەلایەن سعوودیەوە پێشکەش کراون و دووپاتی کردەوە، بەغدا رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
هاوکات، گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" تێوەگلانی خۆی لە هێرشەکانی سەر سعوودیە رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئەو هێرشانە لە یەمەنەوە کراون نەک عێراق، هەروەها هۆشدارییان دا کە هەر هێرشێکی سەربازیی سعوودیە بۆ سەر خاکی عێراق، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
سعوودیە پێداگری لەسەر بەرگری لەخۆکردن و ئاگادارکردنەوەی بەغدا
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کراون و ئامانج لێیان پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی ریازە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ئەو گرووپانەی بە "میلیشیای تیرۆریستی" ناوبرد و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی هەیە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکە لە پاراستنی ئاسایشی خۆیدا کەمتەرخەمی ناکات و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و بنەمای هاوسەنگی، وەڵامێکی توندی هەر کارێکی دوژمنکارانە دەداتەوە، ئەنجوومەنەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە هێزە بەرگرییەکانی سعوودیە رایانگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەندین درۆنی تریان تێکشکاندووە کە بەرەو دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریاز ئاڕاستە کرابوون.
هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودیە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعوودیە هێرشی وردیان کردووەتە سەر شوێنی هەڵگرتنی چەک و پێداویستیی لۆجستیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی عێراق (بەسرە، بابل، کەربەلا و نەینەوا). سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە ئەم گرووپانە رێنماییان لە سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتووە و تەنیا لە نێوان مانگی شوبات تا نیسانی 2026، زیاتر لە 600 هەوڵی هێرشکردنیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا داوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ماوەی چوار رۆژ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگرتبوو تا دەرفەت بە دانوستانە دیپلۆماسییەکان بدرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان، هێرشەکانی ئەمڕۆ کۆتاییان بەو ئارامییە کاتییە هێنا کە لە ناوچەکەدا دروست ببوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەڕەشەی بەردەوامبوون و رەتکردنەوەی گفتوگۆ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی کرد "ئەگەر هەڕەشە و جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا دژی بەرژەوەندییەکانمان بەردەوام بن"، تاران هاوکات بوونی هەر گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن رەتکردەوە و رایگەیاند، گۆڕینەوەی پەیامەکان تەنیا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەبێت.
ئەم گوتانە لە کاتێکدایە کە سێنتکۆم رایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران کاتژمێر 12:45ـی شەو بە کاتی ئوردن، چەند مووشەکێکی بالیستییان بەرەو بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن تەقاندووە. ئێستا وڵاتی عومان سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا واژۆ کرابوو، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆ گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ ئەو هەوڵانە.
ئوردن؛ بەرپەرچدانەوەی پێنج مووشەکی ئێرانی
گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی وڵاتەکەی توانیویانە بەرپەرچی پێنج مووشەک بدەنەوە کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئوردن هەڵدرابوون. مووشەکەکان لە ئاسماندا تێکشکێنراون و خراونەتە خوارەوە، سوپای ئوردنیش جەختی کردەوە، رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەن ببێتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانیان.
ئەم بنکە سەربازییەی ئەمریکا لە ئوردن پێشتریش رووبەڕووی هێرش ببووەوە؛ لە نێوانیاندا سەختترین هێرش لە ١٧ی تەممووزدا بوو کە تێیدا دوو سەربازی ئەمریکی کوژران و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێن بوو.
کوەیت پاڵپشتیی خۆی بۆ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو راگەیاند
وەزارەتی دەرەوەی کووەیت لە راگەیەندراوێکی دا، بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشە درۆنییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە عێراقەوە بۆ سەر خاکی سعوودیە کرد و بە "هەوڵێکی بێهودە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە" وەسفی کرد.
کوەیت دووپاتی کردەوە کە بە تەواوی لەگەڵ ریاز هاوسۆزە و بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سعوودیە مافی رەهای بەرگری لەخۆگرتنی هەیە، ئاسایشی سعوودیەش بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی کووەیت و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.
یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکانی سعوودیە و ئەمریکای کرد
مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعوودیەی بۆ سەر عێراق کرد و هێرشەکەی بە ناڕەوا، ترسنۆکانە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. حووسییەکان جەختیان لەسەر مافی عێراق و سوپا و گەلەکەی کردەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە.