گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران نرخی نەوتی بەرز کردەوە

دوای سێ رۆژ لە دابەزین، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک زیاتر لە 3 دۆلار چوونە سەر نرخەکەی، ئەوەش بەهۆی نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026،  لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 87.39 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، ئەمەش زیادبوونێکی 3.30 دۆلارییە کە دەکاتە رێژەی 3.9%. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکی بە رێژەی 3.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 82.31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم بازدانەی نرخەکان دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، چەند مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرابوون.

جگە لە هۆکارە سیاسی و سەربازییەکان، نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز و بڵاوبوونەوەی داتا بەرەهاییەکانی پەیمانگای پترۆڵی ئەمریکا سەبارەت بە کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە، هۆکاری دیکەی سەرەکی بوون لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.