وەزارەتی بەرگریی سعوودیە: مافی خۆمانە وەڵامی گرووپە چەکدارەکان بدەینەوە

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، چەند هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی گرووپە چەکدارەکان لەناو خاکی عێراقدا، کە پەیوەندییان بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیەوە هەبووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ئەم هێرشانە بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێران، لە چوارچێوەی جەختکردنەوەیە لەسەر مافی رەوای ریاز بۆ بەرگری لە خۆی و پاراستنی سەروەرییەکەی، هاوکات پاراستنی مافی وەڵامدانەوە لە کات و شوێنی گونجاودا.

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵی پەرەپێدانی گرژییەکان نادات، بەڵام وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەری.

هەروەها لەگەڵ پێداگریی سعوودیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، جارێکی دیکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرەو دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە هەڵدا؛ ئەمەش دوای رۆژێک لە هێرشێکی هاوشێوەی ئەو گرووپانە بوو، بەڵام هێزە بەرگرییەکانی سعوودیە توانییان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ئاسماندا پێش گەیشتنیان تێکبشکێنن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکە لە پاراستنی ئاسایش، بەرژەوەندی و سەروەریی نیشتمانیی خۆیدا کەمتەرخەمی ناکات و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و بنەمای هاوسەنگی، وەڵامێکی توندی هەر کارێکی دوژمنکارانە دەداتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە بە پێویستی زانی حکوومەتی عێراق رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، هەروەها ستایشی هەڵوێستی ئەو وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کرد کە ئیدانەی ئەو هێرشە دوژمنکارانەیان کردووە کە بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی دانەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە توندترین شێوە ئیدانەی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراقەوە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات کرد.