هەولێر.. بڕیاری نوێ لە بارەی دۆلاری سپی و شین دەدرێت

گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە هەفتەی داهاتووەوە گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردن بە دۆلاری سپی و شین دەکرێت و ئامانج لێی نەهێشتنی دۆلاری سپییە لە بازاڕەکاندا.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەمموزی 2026، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە رۆژی یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، مامەڵەکردن بە دۆلاری سپی و شین گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەجۆرێک %80 ـی مامەڵەکان بە دۆلاری شین، %18 بە دۆلاری سپی و تەنیا %2ـی مامەڵەکان بە پەنجا دۆلاری دەبێت."

گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ئەوەیە کە دۆلاری سپی (چاپە کۆنەکە) لە بازاڕەکاندا نەمێنێت و مامەڵەکان تەنیا بە دۆلاری شین بکرێن، چونکە لە شارەکانی دیکەی عێراقیش تەنیا مامەڵە بە دۆلاری شینەوە دەکرێت.

سەبارەت بە جیاوازی نرخی نێوان هەردوو جۆرەکە، کەیفی خۆشناو ئاشکرای کرد، ئێستا جیاوازییەکە بۆ کەمتر لە 250دینار کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو جیاوازی نێوانیان زیاتر لە پێنج هەزار دینار بوو.

گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشان جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانە تاوەکو چیتر جیاوازی لە نێوان جۆرەکانی دۆلاردا نەمێنێت.