هەولێر.. خەڵاتی رێزلێنان بە هونەرمەندی شانۆکار سدیق حوسێن بەخشرا
لەلایەن لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لەمەڕاسیمێکی تایبەتدا، لەپای ئەزموون و بەخششیان، خەڵاتی رێزلێنان بە سدیق حوسێن، هونەرمەندی شانۆکار، لە باخچەی سەنکای هونەرمەندانی هەولێر بەخشرا.
هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، "سدیق حوسێن یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی شانۆی کوردی. ئەو تەنیا ئەکتەرێکی سەر شانۆ نییە، بەڵکو دەرهێنەر و مامۆستایەکە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە دڵسۆزی و ئیرادەیەکی بەهێز هەوڵی داوە شانۆی کوردی بەرەو پێش ببات و نەوەیەکی نوێ لە هونەرمەندان پەروەردە بکات."
گوتیشی، "لە هەر شوێنێکدا کە سدیق حوسێن کاری کردووە، هەمیشە هەوڵی داوە شانۆ تەنیا وەک ئامرازێکی سەرگەرمی نەبینرێت، بەڵکو وەک زمانێکی کولتووری و هزری بۆ گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بەکاربهێنرێت. بەرهەمەکانی و هاوکارییەکانی لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە بەشێکی گرنگ لە مێژووی شانۆی هاوچەرخی کوردستان پێکدەهێنن."
هیوا سوعاد باس لە گرنگیی ئەو رێزلێنانە دەکات و دەڵێت، "ئەو رێزلێنانەی پێی بەخشراوە، دڵنیام تەنیا بۆ کارێک یان ساڵێک نییە، بەڵکو پێزانینێکە بۆ تەواوی ئەو ژیانە هونەرییەی کە بە خزمەتکردنی شانۆی بەسەر بردووە. ئەو لە ماوەی ساڵانی کاریدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەکتەر و هونەرمەندی گەنجی هانداوە و دەرفەتی گەشەکردنی بۆ رەخساندوون، و ئەمە خۆی لە گەورەترین دەستکەوتەکانییەتی."
هیوا سوعاد باسی لەوەش کرد، "من پێم وایە هونەرمەندێک کاتێک شایستەی رێزلێنان دەبێت کە کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر بزووتنەوەی هونەری و کۆمەڵگە جێبهێڵێت، و سدیق حوسێن بێگومان یەکێکە لەو کەسانە. ئەو بە هەموو دڵ و گیانی خۆی لە پێناو شانۆ ماندوو بووە، لە سەختترین دۆخەکانیشدا لەگەڵ شانۆ ماوەتەوە و باوەڕی بە توانای هونەر بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری نەگۆڕیوە."
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم خەڵات و رێزلێنانە شایستەی سدیق حوسێنە. ئەم جۆرە پێزانینانە، رێزلێنانە لە مێژووی شانۆی کوردی و لە هەموو ئەو ماندووبوون و قوربانییانەی کە هونەرمەندان لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی هونەر داویانە. هیوادارم ئەم پێزانینە ببێتە هاندەرێکی گەورە بۆ بەردەوامبوونی سدیق حوسێن و هەروەها بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ئارەزووی خزمەتکردن بە شانۆی کوردییان هەیە."
سدیق حوسێن، دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆیی، لەساڵی 1970 لە قەڵادزێ لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر و کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە و وەک مامۆستایەک خزمەتی بواری هونەری کردووە. سدیق حوسێن یەکەم کاری ئەکتەری لە شانۆگەری "راوچی" بوو لە ساڵی 1986. هەروەها وەک دەرهێنەر و ئەکتەر بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیی هونەریدا کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.