ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشی راستەوخۆی ئێران خۆی ئامادە دەکات
ئیسرائیل بۆ ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران خۆی ئامادە دەکات، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش پێیانوایە قۆناخی ئێستا بەهۆی پەککەوتنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، بە خاڵێکی گرژیی گەورەدا تێدەپەڕێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کاناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، یان تاران بگاتە ئەو بڕوایەی هەوڵێک بۆ خەڵەتاندنی یان مانۆڕێک دژی هەیە، پەنا بۆ کردەیەکی پێشوەختە ببات.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل رایگەیاند، دۆخەکە هەستیارە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، رەنگە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، پێناچێت ئێرانییەکان ئامادەی پێشکەشکردنی هیچ سازشێک بن لە میانی دانوستانەکاندا.
پێشبینییە ئیسرائیلییەکان ئەوەن ئەگەر گرژییەکان پەرەبسێنن، تاران لە ئەولەویەتدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەڵام راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە روو، دەکرێت هێرشەکان دواتر ئیسرائیل بکەنە ئامانج. سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئەمریکا ئاستێکی زۆر بەرزی ئامادەباشی پاراستووە و بۆ بەرگری و هێرشبردن لە کاتی پێویستدا ئامادەیە.
راپۆرتەکە روونیکردەوە، ئاستی ئامادەباشی لە ئیسرائیل لە هەفتەکانی رابردوودا بەرزبووە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی پشووەکان زیاتر بەرزکراوەتەوە.
لە میانی تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنییەکان لە ئیسرائیل، ئەو سیناریۆیانە خراونەتە روو کە رەنگە ببنە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، دۆخی سەختی ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و هەروەها ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە عەلی تاهیری لوبنان، وەک دوو هۆکار دیاریکراون کە رەنگە ببنە مایەی پەرەسەندنی گرژییەکان.
مەترسییەکان سیناریۆی هاویشتنی مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل، یان هێرشکردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جولەکەکان لە دەرەوەی وڵات لەخۆدەگرێت.