ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی لە عێراق دەکات خۆیان بپارێزن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جارێکی دیکە هۆشداریی لە گەشتی هاووڵاتیانی ئەمەریکی بۆ عێراق دەدات.
دوای هێرشی هاوبەشی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لەناو خاکی عێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارینامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پەیام ئاڕاستەی ئەمریکییەکان دەکات لەژێر هیچ دۆخێکدا گەشت بۆ عێراق نەکەن.
هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لەو ئەمریکیانەش دەکات کە لە عێراقن، بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەریان ئەوپەڕی رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر و خۆیان بپارێزن.
دەشڵێت: مەترسی هێرشی درۆن و مووشەک هەیە، پێویستە ئەمریکیەکان هەموو رێکارێکی خۆپارێزی لە عێراق بگرنەبەر.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سعوودیە بەهاوبەشی ئەمریکا هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بەچڕی بۆردومانی کرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی دەستەی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشەکانەوە 20 چەکدار کوژراون و 32ـی دیکەش برینداربوون.