قەتەر: پاڵپشتیی سعوودیە دەکەین

قەتەر هەوڵی بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییەی سەرکۆنە کرد، کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە ناو خاکی عێراقەوە کراوەتە ئامانج،

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە، ئەم پەلامارانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی سعوودیە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی خاکی ئەو وڵاتە" لەقەڵەم دا، هەروەها جەختی کردەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی هاوسێیەتی باشە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، قەتەر پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سعوودییە دووپات کردەوە و رایگەیاند، پشتیوانی لە سەرجەم ئەو رێکارە شەرعییانە دەکەن کە سعوودیە دەیانگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سعوودیە بەهاوبەشی ئەمریکا هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بەچڕی بۆردومانی کرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی دەستەی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشەکانەوە 20 چەکدار کوژراون و 32ـی دیکەش برینداربوون.