هێرش کرایە سەر پیرانشار

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران روویان لە هەڵکشان کردەوە، دوای ئەوەی ئێران بە مووشەکی بالیستیک بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی سنووری لە شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ئوردن، سوپای ئوردن بەیانیی رایگەیاند، توانیویانە پێنج مووشەک بخەنە خوارەوە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئوردن ئاڕاستە کرابوون.

هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە ئێران لە بەرەبەیاندا چەندین مووشەکی باڵیستیکی بەرەو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن تەقاندووە، ئاماژە بەوەش کراوە، ئەمە یەکەم هێرشی لەو شێوەیەی ئێرانە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران هەڵپەساردبوو بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر سنووریی شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، بێ ئەوەی زانیاریی و وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئامانج و زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.