هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر عێراق؛ ناوچەکە دەباتە قۆناخێکی نوێی گرژی

ناوچەکە رووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیدار بووەتەوە دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعوودیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، چەندین بنکە و کۆگای چەکی حەشدی شەعبییان لە پێنج پارێزگای عێراق کردە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایانگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامداوە. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هەردوو وڵات، ئەم هێرشانە "وەڵامێکی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەیە" بۆ زیادبوونی هێرشە سنووربەزێنەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 30 درۆن ئاراستەی دامەزراوەکانی نەوت و وزە لە ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا کراون.

تێڕوانینی سعوودیە و قەتەر بۆ هێرشەکان

عەشق بن سەیدان، شرۆڤەکاری سیاسیی سعوودی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم هێرشانە دەوڵەت و گەلی عێراق ناکەنە ئامانج، بەڵکو تەنیا ئەو میلیشیا تێرۆریستییانە دەپێکن کە وەک ئامرازی دەستی سوپای پاسدارانی ئێران کاردەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گرووپانە دەیانەوێت هاوسەنگییە ئیقلیمییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تێکبدەن.

لەلایەکی دیکەوە، د. عەلی عەبدوڵڵا هێل، پڕۆفیسۆری قەتەری بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەو هێرشانەی لە عێراقەوە دەکرێنە سەر سعوودیە، بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و ریاز و پەکخستنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "رێگەی گەشەپێدان"ـە کە قەتەر و سعوودیە و کەنداو بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

زیانەکان و هەڵوێستی عێراق

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشدی شەعبی پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەیان کەس لە ئەندامانیان کوژراو و بریندار بوون، جگە لە تێکچوونی ژێرخانی سەربازی و کۆگاکانی چەک.

محەمەد ساعدی، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقیش بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەروەریی عێراق هێڵی سوورە و هەر هێرشێک لەژێر هەر ناوێکدا بێت رەتکراوەیە. داواشی لە سعوودیە کرد بەڵگە فەرمییەکانی خۆی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات نەک پەنا بۆ هێرشی سەربازی ببات. گوتیشی: "پێویستە لیژنەی هەواڵگریی هاوبەش لەنێوان بەغدا و ریاز بۆ چارەسەری کێشەکان پێکبهێنرێت."

ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە وایکردووە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بکات، بۆ تاوتوێکردنی پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

شارەزایان پێیان وایە بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لەگەڵ ئەمریکا لەناو خاکی عێراق، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە بنەماکانی جەنگ لە ناوچەکەدا و ئاماژەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتی ریاز لە "بەرگری"ـەوە بۆ "هێرشی پێشوەختە" دژی ئەو سەرچاوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی دەکەن.