ترەمپ: میلیشیاکان شێرپەنجەی جیهانن
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی زۆر توندی دا دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێرانیان لە ناو خاکی ئوردن دایەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ترەمپ بە زمانێکی توند رایگەیاند "وانەیەکی زۆر سەختیان پێدەدەین و وەڵامێکی کەمەرشکێنیان دەدەینەوە، ئەوان لێدانێکی وا دەخۆن کە هەرگیز لەبیریان نەچێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکەی ئێران بە شێوازێکی لەناکاو کراوە و هێزەکانی ئەمریکا تەنیا چەند خولەکێکی کەمیان لەبەردەستدا بووە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام توانیویانە تەواوی مووشەکەکان پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکان لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
ترەمپ گوتیشی: تەماشای گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێزەکانی ئەمریکای کردووە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ خاڵ و ئاڕاستەی مووشەکەکانیان دەستنیشان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە شەوی رابردوودا لەلایەن ئەمریکا و سعوودییەوە کرانە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بە ئاگاداری حکوومەتی عێراق بووە.
ترەمپ ئەو میلیشیانەی بە "شێرپەنجەی جیهان" وەسف کرد و رایگەیاند، ئێستا تاوتوێی دەرکردنی هۆشداری و گرتنەبەری رێکاری زیاتر دەکەن بۆ سەر تەواوی هێزە لایەنگرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا، کوژرانی 20 چەکدار و برینداربوونی 32ـی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان راگەیاند، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەشیان دا.