بەریتانیا لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی 70 هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرت کردووەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێکی لە ژێر ناونیشانی وەڵامدانەوەی دەنگۆ ناڕاستەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، و رایگەیاند، بەهۆی هاوئاهەنگیی بەهێزی نێوان لەندەن و پاریس، تێکڕای ژمارەی پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکان لە نۆکەندی ئینگلیز کەمبووەتەوە و داواکارییەکانی پەنابەری بە رێژەی 12% کەمبوونەتەوە.

چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو نووسراو و دەنگۆیانەن لە ئۆنلایندا بڵاوکراونەتەوە کە دەڵێن پۆلیسی فەرەنسا پەکیکەوتووە لە رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزدا.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، هاوکاریی هاوبەشی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا تا ئێستا توانیویەتی رێگری لە زیاتر لە 46 هەزار هەوڵی پەڕینەوە بە بەلەمە بچووکەکان بکات لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا. هەروەها تەنیا لە مانگی ئایاردا، زیاتر لە 65%ـی سەرجەم هەوڵەکانی پەڕینەوە بە تەواوی پووچەڵکراونەتەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما کە لە رووی مێژووییەوە هەمیشە هۆکار بووە بۆ زیادبوونی گەشتە نایاساییەکان.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، پڕۆژەیەکی نوێی لەگەڵ فەرەنسادا بە ناوی "پێدانی بودجە بەپێی دەرەنجامەکان" واژۆ کردووە بۆ توندکردنی چاودێری کەناراوەکان و دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان؛ لە ئەنجامی ئەم رێکارانەشدا، جیا لە رێگریکردن لە 46 هەزار کۆچبەر، داواکارییەکانی پەنابەری بە رێژەی 12% کەمی کردووە.

هەروەها، حکوومەتی بەریتانیا لە دوو ساڵی رابردوو دا نزیکەی 70 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتەکە دیپۆرت کردووەتەوە کە رێژەکەی بە بەراورد بە رابردوو 41% زیادی کردووە، و جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی سەرجەم بزوێنەر و متمانە دڵخۆشکەرەکان کە کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئەم وڵاتە رادەکێشن.