مانەوەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کێشەی ژینگەیی دروستکردووە
تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایانی ژینگەی دەریایی هۆشداری دەدەن بەردەوامیی پەککەوتنی هەزاران کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، هەڕەشەیەکی جیهانیی جددییە بۆ سەر فرەچەشنیی بایۆلۆژی، هەروەها زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم دۆخە رەنگە ببێتە هۆی قەیرانێکی ژینگەیی گەورە لە رێگەی گواستنەوەی زیندەوەرە دەریاییە داگیرکەرەکان بۆ سەرجەم زەریاکانی جیهان لەگەڵ دەستپێکردنەوەی جوڵەی کەشتییەکان.
چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، لە 28ـی شوباتەوە و دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، زیاتر لە 1500 کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە.
تیمی زاناکان روونیان کردووەتەوە، ئەم کەشتیانە بەهۆی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژ بە راگیراوی، بڕێکی زۆر لە زیندەوەرانی وەک قەوزە، سەدەف، قرژاڵ و وردە زیندەوەرە دەریاییەکانیان لەسەر نیشتووە، ئەم زیندەوەرانە دەبنە کۆچبەری نایاسایی و لە کاتی رۆیشتنی کەشتییەکاندا بۆ بەندەرەکانی تری جیهان دەگوازرێنەوە.
پرۆفیسۆر ماریۆ تامبۆری لە ناوەندی زانستە ژینگەییەکانی زانکۆی مێریلاند، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر داوات لێ بکرێت خراپترین سیناریۆی پێشبینیکراو دابڕێژیت، پێم وانییە بتوانیت لەمەی ئێستا خراپتر بکەیت؛ ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بە هەموو پێوەرێک."
زاناکان دەڵێن جاران کەشتییەکان تەنها یەک بۆ سێ رۆژ لە بەندەرەکاندا دەمانەوە، ئەمەش رێگر بوو لە گەشەکردنی زیندەوەران لەسەر جەستەی کەشتییەکە، بەڵام ئێستا کە چەندین مانگە راگیراون، کۆمەڵگەی چڕی زیندەوەریان لەسەر دروست بووە، مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە داگیرکەرانە کاتێک دەگەنە ژینگەیەکی نوێ، بەسەر زیندەوەرە ناوخۆییەکاندا زاڵ دەبن، نەخۆشی بڵاو دەکەنەوە و سیستەمی ژینگەی دەریایی بۆ هەمیشە دەگۆڕن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، گەرمای زۆر و سوێریی بەرزی ئاوی ناوچەی کەنداو، وایکردووە ئەو زیندەوەرانە زۆر سەخت و بەرهەڵستکار بن، تامبۆری دەڵێت: "ئەم زیندەوەرانە زۆر بەهێزن و راهاتوون لەگەڵ ژینگەی توند، بۆیە کاتێک دەگەنە شوێنێکی تر، بە ئاسانی دەبنە داگیرکەرێکی لێهاتوو."
ئەم قەیرانە نەک هەر زیانی ژینگەیی هەیە، بەڵکو زیانی ئابووریشی دەبێت، ئەم زیندەوەرانە دەبنە هۆی لەناوچوونی ماسییەکان، گرتنی سیستەمی ساردکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا کە ئاوی دەریا بەکاردەهێنن، و ساڵانە ملیارەها دۆلار تێچووی پاککردنەوەیان دەبێت.
لە کۆتاییدا، زاناکان داوا لە حکوومەتەکان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دەکەن کە پێش رۆیشتنی هەر کەشتییەک لە کەنداو، پشکنین و پاککردنەوەی ورد بۆ جەستەی کەشتییەکان بکەن، هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانیش (IMO) جەختی کردووەتەوە، نیشتنی زیندەوەران بە کەشتییەکانەوە یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی گواستنەوەی جۆرە داگیرکەرەکان و خەریکی داڕشتنی یاسایەکی توندن بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە.