رۆیتەرز: گومان هەیە درۆنێک بەندەرێکی میسری پێکابێت

وەزارەتی نەوتی میسر رایگەیاند، ئاگر لە دوو کەشتیی تایبەت بە پاڵاوتن و عەمبارکردنی گاز لە بەندەری دەمیاتە کەوتووەتەوە، بێ ئەوەی زیانی گیانیی لێبکەوێتەوە، و رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی رووداوەکە.

چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی میسر، دوو کەشتیی گەورە کە بۆ پڕۆسەی عەمبارکردن و پاڵاوتنی گازی سروشتی لە بەندەری دەمیاتە بەکاردەهێنران، ئاگریان تێبەربووە، بێ ئەوەی هیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.

وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند: "دۆخەکە ڕاستەوخۆ بەپێی پلانی فریاگوزاری و وەڵامدانەوەی خێرا کۆنترۆڵ کرا،" بێ ئەوەی بە فەرمی هۆکاری راستەقینەی کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا بکات.

لەلایەکی دیکەوە، لیوا ئەیمەن سەلاح، سەرۆکی پێشووی دەستەی بەندەری دەمیاتە بە ئاژانسی "فرانس پرێس" (AFP)ی راگەیاند، کەشتییەکی تایبەت بە پڕۆسەی گۆڕینی گاز لە شلەوە بۆ گازی سروشتی لە تەنیشت کەشتییەکی تری گواستنەوەی گازی شلکراو (LNG) لە بەندەرەکەدا جێگیر ببوو.

روونیشی کردەوە، پڕۆسەی گۆڕینی گازی شلکراو بۆ گازی سروشتی لە ژێر پەستانێکی زۆر بەرزدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە هەر جۆرە دزەکردنێکی گاز دەکرێت ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەهێزی لەم شێوەیە لە ناو بەندەرەکەدا.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، چەندین تەقینەوەی بەهێز بەندەرێکی گواستنەوە و بارکردنی گازی سروشتی لەسەر کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە میسر هەژاند، کە پێدەچێت نیشانەیەک بێت بۆ بەرفراوانبوونی ململانێ توندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆمپانیای "ئامبێری" (Ambrey)ی بەریتانی بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتییەکی عەمبارکردنی نیشتووی سەر بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە بەندەری دەمیاتە راستەوخۆ لە لایەن درۆنێکی هێرشبەرەوە پێکاوە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەن یان گرووپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە دەریاییە رانەگەیاندووە.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا و سعوودیە هێرشی هاوبەشی ئاسمانییان کردە سەر پێگە و مۆڵگەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیش بە توندی بەڵێنی داوە کە "ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت" وەک وەڵامێک بۆ مووشەکبارانی پێشوو دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە لە پاش راگرتنی کاتیی هێرشەکان روویدابوو.