فالح فەیاز: ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئاسایشی عێراق بکاتە ئامانج
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە ئاسایشی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی بکاتە ئامانج.
چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی کرد و لەوێدا لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە و ژمارەیەک لە سەرکردەکان و بەرپرسە ئەمنییەکان کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، گوێبیستی روونکردنەوە و راپۆرتێکی بەپەلە و ورد بوو سەبارەت بەو هێرشانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کراونەتە سەر وڵاتەکە، کە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەند و چەکدارانی دەستەی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەکی جیاوازی وڵاتدا.
لای خۆیەوە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتی: هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرش و دەستدرێژییەک کە عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی بکاتە ئامانج.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، جەختی لەوەش کردەوە کە حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێنمایی و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە ئاسایشی وڵات و دامەزراوە ئەمنییەکانی بکاتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا و سعوودییە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامدا. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی هەردوو وڵات، ئەم هێرشانە "وەڵامێکی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەیە" بۆ زیادبوونی هێرشە سنووربەزێنەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 30 درۆن ئاراستەی دامەزراوەکانی نەوت و وزە لە ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا کراون.