ئەحمەد داودئۆغڵو: چیتر کاری حزبی ناکەین

ئەحمەد داودئۆغڵو وازهێنانی لە سیاسەت و هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئایندەی راگەیاند.

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە، بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە سیاسەت و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پارتەکەی راگەیاند.

داودئۆغڵو لە پەیامێکدا بە ناونیشانی "لە پێناو تورکیای سبەی" کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری داوە لە سیاسەتی حزبی بکشێتەوە و پارتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە "خۆبەدەستەوەدان" نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی "ئەخلاقییە" بەرانبەر بەو ڕەوشە سیاسییەی ئێستا هەیە.

داودئۆغڵو لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خستووەتەسەر ئەوەی، "سیاسەت لە بواری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕاوە بۆ کێبڕکێی بەرژەوەندیی کەسی و پۆست و پلە، ئەمەش وای کردووە کەسانی بەهرەمەند و خاوەن پرەنسیپ لە سیاسەت دوور بکەونەوە."

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا رەخنەی لە "سیستەمی سەرۆکایەتی" گرت و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم سیستەمە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لاواز کردووە؛ جەختیشی کردەوە، گەڕانەوە بۆ "سیستەمی پەرلەمانی" بۆ تورکیا نەک هەر بژاردە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادوەری.

سەرۆکی پارتی ئایندە سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی رایگەیاندووە "بۆ ئەوەی نەبینە بەشێک لەم رەوشە سیاسییە گەندەڵە، بڕیارمان دا لە سیاسەتی حزبی بکشێینەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانی پارتی ئایندە بهێنین. ئەمە کشانەوە نییە لە خەبات بۆ تورکیا، بەڵکو بەرزکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانمانە بۆ سەرووی بەرژەوەندیی کەسی."

پارتی ئایندە کە لە کانوونی یەکەمی 2019 لەلایەن ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دامەزرا و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا بەشێک بوو لە هاوپەیمانی میللەت.

ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا لە کاتێکدایە کە پارتەکەی لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا نەیتوانیبوو ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی داودئۆغڵو و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی پارتەکە بڵاو نەکراوەتەوە.