سوپای ئێران: تا دوا هەناسە بەرگری دەکەین
فەرماندەی سوپای ئێران، رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەن تا دوا هەناسە بەرگری لە خاک و دەسەڵاتی وڵاتەکەیان بکەن و لە بەرامبەر داواکاری بڕیارەکانی دوژمن ملەکەچ نابن.
چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لەسەر پەیمانی خۆی بۆ گەلەکەی جێگیر و بەردەوامە، هەروەها تا دوا هەناسە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی، خاکی پیرۆزی ئێران و سەربەخۆیی وڵات دەکات لە بەرامبەر هەر دەستدرێژیکارێک.
حاتەمی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئاسمانی ئێران گۆڕەپانی پاڵەوانێتی ئەو پیاوانەیە کە گیانی خۆیان بەخت کردووە و کردوویانە بە فیدای نیشتمان."
فەرماندەی سوپای ئێران راشیگەیاند، سوپا وەک هێزێکی پارێزەر پابەندە بە پاراستنی سەروەریی وڵات و رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە بیەوێت زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ئێران بگەیەنێت.
ئەم هۆشدارییانەی تاران لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و یەکرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە، هەردوولا هەڕەشەی سەربازیی توند ئاڕاستەی یەکتر دەکەن و تاران جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی نوێ کە لە لایەن واشنتنەوە بێتە ئاراوە.
لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وەڵامێکی توندی هێرشەکانی ئێران دەدەنەوە، گوتیشی، وانەیەکی وایان فێر دەکەین هەرگیز لەبیریان نەچێتەوە".