چوارچێوەی هەماهەنگی: رێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان

"هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و سعوودییە بۆ سەر عێراق، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسان نێودەوڵەتییەکانە. هەروەها دووپاتی کردەوە، کە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی هێڵی سوورن.

چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق،  لە کۆشکی حکوومی میوانداری کۆبوونەوەیەکی نائاسایی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودییە بۆ سەر عێراق.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی بە توندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییەی کرد کە خاکی عێراقی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و خاکەکەیەتی و، بە تەواوی لەگەڵ پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکۆکە.

چوارچێوەکە دووپاتی کردەوە، ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی هێڵی سوورن، هاوکات جەختی لە رەتکردنەوەی گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو هێرشانەی کرانە سەر عێراق و پێشێلی سەروەرییەکەیان کرد، نەک هەر خزمەت بە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان ناکەن، بەڵکوو دەبنە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە دەکەن.