هێرشێکی چەکداری لە پاکستان 15 کوژراوی لێکەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە ناوچەی هەنگۆ لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا لە باکووری پاکستان، 7 کارمەندی پۆلیس و 8 چەکدار کوژران.

تاریق حەبیب، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جیۆ نیوز رایگەیاند: "لەو هێرشەدا 22 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون." ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردن لە ناوچەکەدا کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP) درێژ دەکرێت، کە لەم مانگانەی دواییدا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە زیاد کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاکستان رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە زنجیرە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریدا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای وڵات، 32 چەکداری توندڕەویان کوشتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، بارودۆخی ناوچەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە. بەهۆی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنە هەرێمییەکان، پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی گرووپە ناڕازییەکان دروستبووە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن زیاتر لە 30 کەس لەو پێکدادانانەدا کوژراون.

لە رووی سیاسییەوە، پارتی رابیتەی ئیسلامی – باڵی نەواز شەریف کە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە، توانیویەتی 9 کورسی لە کۆی 13 کورسی لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە پارتی تەحریکی ئینساف بە سەرۆکایەتی عیمران خان، بایکۆتی پرۆسەکەی کردووە و حکوومەت بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکات.

بڕیارە قۆناخەکانی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنەکان لە رۆژانی 2و 10ـی ئابی داهاتوو بەڕێوەبچن، بەڵام نیگەرانییە ئەمنییەکان و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، بەهۆی قەدەخەکردنی لیژنەی کاری جەماوەریی هاوبەش لەلایەن حکوومەتەوە سەریهەڵداوە، سێبەری بەسەر پرۆسەکەدا کێشاوە.