حووسییەکان هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر حکوومەت چڕ دەکەنەوە
میلیشیاکانی حووسی، زنجیرە هێرشێکی نوێیان بە بەکارهێنانی درۆن بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی سوپای حکوومەتی یەمەن لە پارێزگاکانی لەحج و سەعدە ئەنجامدا، هاوکات سوپای یەمەنیش رایگەیاند، درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئەو گرووپەیان خستووەتە خوارەوە.
سەرچاوە سەربازییەکان رایانگەیاند، درۆنێکی سەر بە حووسییەکان بنکەیەکی هێزەکانی قەڵغانی نیشتمانی لە ناوچەی زەیتوونەی سەر بە ناوچەی عەند لە پارێزگای لەحج (باشووری یەمەن) کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سەربازێک بە سووکی، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی دیکەی گیانی یان ماددی لێ بکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکە و لە بازگەی رەزامات، سەرچاوەیەکی سەربازی ئاشکرای کرد، بەرگریی ئاسمانی سوپا توانیویەتی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی حووسییەکان لە ئاسمانی قەزای سەفرا لە پارێزگای سەعدە (کە بە مۆڵگەی سەرەکی حووسییەکان دادەنرێت) بخاتە خوارەوە، بەرلەوەی بگاتە ئامانجە سەربازییەکانی.
هەر لە پارێزگای سەعدە و لە بازگەی عەلب، هێزەکانی فریاکەوتنی حکوومی رایانگەیاند رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بوونەتەوە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون، بەڵام عەمید هیشام جەمال، فەرماندەی لیوای دووی هێزەکانی فریاکەوتن، لەو هێرشە رزگاری بووە و زیانی پێنەگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵی کوژرانی گوماناوی سەرکردەیەکی باڵای حووسییەکان لە شاری سەنعا بڵاوبووەتەوە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە ئەم تیرۆرکردنە پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆیی و باڵباڵێنی ناو میلیشیاکانەوە هەبێت.
بەهۆی زیادبوونی ئەم هێرشانە، فەرماندە سەربازییەکانی حکوومەتی یەمەن داوای بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی و وریاییان کردووە. جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هێزەکان لە شوێنە کراوەکان کۆنەبنەوە و رێوشوێنی توندی بەرگری بگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هێرشی درۆنی کە لەم دواییانەدا حووسییەکان وەک چەکێکی سەرەکی لە دژی سوپا بەکاری دەهێنن.