لە سلێمانی داوا دەکرێت بەنزینی 750 دیناری بە تاکسی و پاسەکان بدرێت

تێبینی: وێنەکە بە AI دروست کراوە
تێبینی: وێنەکە بە AI دروست کراوە

سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی داوا دەکات پەمپێکی تایبەت بە تاکسی و پاسەکان دابنرێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ وەڵامی داواکارییەکەیان بدرێتەوە.

چەند رۆژێکە ژمارەیەک شۆفێری تاکسی و پاس لە سلێمانی گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر نرخی بەنزین دانەبەزێنرێت، ناچار دەبن کرێی گواستنەوە زیاد بکەن، سەبارەت بە رێگری لە زیادکردنی نرخی کرێی گواستنەوە و چارەسەرییەکان، ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی نرخی جۆرەکانی بەنزین گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بەرز کراوەتەوە، بەڵام هێشتا کرێی گواستنەوەی تاکسی و پاسەکان وەک خۆیەتی و زیاد نەکراوە.

گوتیشی: شۆفێران بەردەوام گلەیی دەکەن و دەڵێن، ئەگەر نرخی بەنزین کەم نەکرێتەوە و دۆخی ئەوان لەبەرچاو نەگیرێت، ناچارن کرێی گواستنەوە زیاد بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا هیچ شۆفێرێکی هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشار و دەرەوە نرخەکەی زیاد نەکردووە، بەڵام لە ئەگەری دابیننەکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو، شۆفێرانی هێڵەکانی گواستنەوەی پاس ناچار دەبن نرخی گواستنەوە لە 750 دینارەوە بکەن بە 1000 دینار.

ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە لە سێ بەنزینخانەی سلێمانی و لە هەر بەنزینخانەیەک پەمپێک تایبەت بکرێت بە تاکسی و پاسەکان بۆ ئەوەی نۆرە نەگرن و بەنزین بە نرخی 750 دیناریان پێ بدرێت، ئەوە تاکە چارەسەرە بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە، ئاشکراشی کرد، داواکارییەکەیان ئاراستەی قایمقامییەت و پارێزگاری سلێمانی کردووە و ئەوانیش بە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامی داواکارییەکەیان بدرێتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن، 32 هەزار تاکسی و هەزار و 752 پاس لە سلێمانی هەن و رۆژانە لە 23 هێڵی جیاوازی شارەکەوە هاووڵاتییان لە نێوان گەڕەک، بازاڕ و ناوچە جیاوازەکاندا دەگوازنەوە. کرێی پاسی ئەو هێڵانەی دەچنە دەرەوەی شەقامی 60 مەتری 750 دینارە، ئەو پاسانەشی لەناو سەنتەری شاری سلێمانیدان، کرێی گواستنەوەی یەک نەفەریان 500 دینارە.