سوپای پاسداران: تا هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی نوێدا هۆشداریی توند دەداتە ئەو وڵاتانەی هاوکاری "دەستدرێژیکاران" دەکەن و رایدەگەیەنێت، تا کاتێک هەڕەشەکانی ئەمریکا و دەستوەردانەکانی لە ناوچەکە بەردەوام بێت، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوی ژمارە 54ی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن لە هاوکاریکردنی دەستدرێژیکاران، ئەگەر رەفتاری خۆیان چاک نەکەن، وەڵامێکی توندیان دەدرێتەوە."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە شەوی رابردوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر بە هاندانی درۆنە ئەمریکییەکان ویستوویانە لە رێڕەوێکی نائارامی باشووری گەرووی هورمز دەربچن، بەڵام دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە یەکێکیاندا، هەردوو کەشتییەکە بە خێرایی پاشەکشەیان کردووە و گەڕاونەتەوە.
سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە کە گەرووی هورمز خاکی ئەوانە و هێزە دەریاییەکانیان بە توندی کۆنترۆڵی دەکەن، رێگەش بە هیچ بێگانەیەک نادەن کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە هاتووە، دەستوەردان بکات. هەروەها دەڵێت: "بە پشتیوانی خودا، هەر ئەمڕۆ دەستدرێژیکار سزا دەدرێت."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تا ئەو کاتەی "زیادەڕۆیی و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا" و دەستوەردانەکانیان لە جووڵەی دەریایی ناوچەکەدا بەردەوام بێت، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و هەر هەڕەشە و دەستوەردانێکیش بارودۆخەکە سەختتر و ئاڵۆزتر دەکات.