هێرشی ئاسمانی کرایە سەر 3 پارێزگای ئێران و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر سێ پارێزگای باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێران کە بریتین لە پارێزگاکانی هورمزگان، خوزستان و بوشەهر.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی هێرش دەکەن بۆ سەر پارێزگاکانی فارس، کرمان، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و ئازەربایجانی رۆژئاوا دوورن لە راستییەوە. تەنیا هێرش کراوەتە سەر ئەو سێ پارێزگایە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە پارێزگای هورمزگان بیسترا، هەروەها رێکخراوی ناوچەی ئازادی کیش رایگەیاند، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بەر ناوچە سڤیل و نیشتەجێبووەکان نەکەوتووە، هەروەها لە کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیاندا ناوچەیەک لە نزیک دوورگەی قشم کرایە ئامانج. جێگری سیاسیی پارێزگاری هورمزگان رایگەیاند، هێرشەکە بەر ماڵێک کەوتووە لە شارۆچکەی قشم و تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای 3 کەسدا دەگەڕێن کە لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا گیریان خواردووە.
سەبارەت بە زیانەکانی دیکە، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هورمزگان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکە بۆ سەر خانووەکەی قشم، دایک و باوک و منداڵێکی 2 ساڵانە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دوو منداڵی دیکەی هەمان خێزان کە تەمەنیان 7 و 9 ساڵە بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. هاوکات بەهۆی هێرشەکەوە کارەبای بەشێک لە دوورگەی قشم بۆ ماوەی کاتژمێرێک پچڕا و دواتر لەلایەن تیمەکانی کارەباوە چاککرایەوە.
سەبارەت بە پارێزگای خوزستان، بەپێی راگەیەندراوی جێگری پارێزگار، یەکەم هێرش لە نزیک شاری ئابادان روویداوە، دواتر لە کاتژمێر 3:49 هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر چەند خاڵێک لە دەوروبەری شاری شادگان و لە کاتژمێر 4:08 هێرشی سێیەم لە نزیک شاری ئەروەندکەنار ئەنجامدرا، هەروەها لە کاتژمێر 4:22 هێرش کرایە سەر شاری ئەهواز.
ئاژانسی فارس ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە گەڕەکی گوڵستان لە ئەهواز، کارەبای ناوچەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک پچڕاوە.
لە پارێزگای بوشەهریش، دەوروبەری کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیان چەند ناوچەیەک کرانە ئامانج، بەڵام تا ئێستا شوێنی تەقینەوەکان دیاری نەکراوە و بەرپرسانی پارێزگاکەش هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.