تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە شارەوانیی دیوانیە هەڵوەشێنرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، توانیویانە تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە فەرمانگەی شارەوانیی دیوانیە هەڵبوەشێننەوە و فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ 30 بەرپرس و فەرمانبەر و بەڵێندەر دەرکراوە کە بەڕێوەبەری ئێستا و پێنج بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانییەکەی تێدایە.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتەکان بریتین لە، قۆستنەوەی گرێبەست و پڕۆژەکان، دزینی سامانی گشتی، وەرگرتنی بەرتیل، بەرزکردنەوەی ناڕەوای نرخەکان و ئەنجامدانی سەرپێچیی جۆراوجۆر کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی دارایی گشتی.
لە راگەیەندراوەکە روونکراوەتەوە، پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ "شانەی هەواڵگریی هەڵۆکان" کراوە و تا ئێستا 15 فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون کە کەرەستە و کەلوپەلیان بە نرخی دووقات و گرانبەها بە شارەوانییەکە فرۆشتووە یان پڕۆژەی وەهمییان پێشکەش کردووە.
دانپێدانانی تۆمەتبارەکان بووەتە هۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی دیوانیە و بەڕێوەبەری ئێستای فەرمانگەکە، بەڕێوەبەری ئێستا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پێشوو لەبەردەم دادوەردا لێدوانیان لێ وەرگیراوە، لە کاتێکدا تیمەکانی دەستپاکی بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنیان.
لە ئەنجامی پڕۆسەکەدا، دەست بەسەر بەڵگەنامەی خەرجکردنی پارەدا گیراوە کە بەهاکەی پتر لە نۆ ملیار دیناری عێراقییە، لەگەڵ دۆزینەوەی چەندین مۆری ساختەی فەرمانبەرانی چاودێریی دارایی، ژمێریاری، لیژنەکانی کڕین و هۆبەی باخچەکان، هاوکات دەست بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گیراوە.
دادوەرانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بەپێی ماددە یاساییەکانی (315، 319، 340) لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارانیان داوە، هاوکات بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکراوە کە پەیوەندییان بە تۆمەتبارەکانەوە هەبووە.