سەدر: میلیشیا بێشەرمەکان هۆکاری کوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن

رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، لە پەیامێکی تونددا هێرشی کردە سەر ئەو گرووپە چەکدارەکان و بە "میلیشیا بێشەرمەکان" وەسفی کردن و رایگەیاند، ئەوان هۆکاری کوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن. 

پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق، رایگەیاند، میلیشیا بێشەرمەکان، رەفتارەکانیان و رێگریکردنیان لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی جەنگاوەرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان.

سەدر لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، "کردەوەی میلیشیا بێشەرمەکان و نەگەڕاندنەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت، بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ هۆکارێکی رەوا."

رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، بە توندی رەخنەی لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانە گرت و دەڵێت: "لە کاتێکدا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن، گەورەکانی ئەو میلیشیایانە لە ناو خۆشیدا دەژین و سەرقاڵی بازرگانیکردنن." هەروەها داوای کرد کە کۆتایی بەو جۆرە رەفتارانە بهێنرێت کە بە تاکەکەسی و ناعەقڵانی وەسفی کردن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوان دەکات، بەڵام جەختی کردەوە، هیچ سەرەخۆشییەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە رەفتارەکانیان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا کوژراون. 

ئەم پەیامەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە دوای ئەوە دێت، شەوی 29ـی تەممووز لە هێرشێکی هاوبەشی نێوان سوپای ئەمریکا و سعوودیەدا چەند پێگەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کرانە ئامانج، بە هۆیەوە 20 چەکدار کوژران و 32ـی دیکەش بریندار بوون.