پاکستان: دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان،  رایگەیاند، سەرەڕای توندبوونی رووبەڕووبوونەوەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن.

پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، تاهیر ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لە ئیسلام ئاباد رایگەیاند: "دانوستانەکان لە نێوان هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەردەوامیان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز و بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان."

ئەم لێدوانەی پاکستان لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاری ئەمنیدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان چڕکراونەتەوە، پاکستانیش وەک لایەنێکی نزیک لە هەردوولا چاودێریی وردی بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانە نھێنییانە دەکات.

هاوکات هەردوولایەن بەردەوامن لە هێرشەکانیان، هەروەها لە ئاستی باڵاشدا هەڕەشەکان بۆ تەشەنەکردنی جەنگەکە بەردەوامە، لە لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: ئێرانییەکان شەوی رابردوو 5 مووشەکیان هاوێشتووە، بەڵام توانراوە سەرجەم مووشەکەکان بخرێنە خوارەوە و تێکبشکێندرێن.

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکەی هەڕەشەکانی دووپات کردەوە و رایگەیاند: بە هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکەنە سەر ئێران و بەرپرسانی تارانیش ئاگاداری ئەم هەڕەشەیەن.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە "دەبینین ئایا لەگەڵ ئێراندا دەگەینە رێککەوتن یان نا؛ بەڵام تاران داوای لێکردووم هیچ هێرشێکی ئاسمانی نەکەمە سەری.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد: "ئێرانییەکان داوای لێبووردنیان لێکردووم و ئێمەش ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپێکی جیاواز لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەین؛ بەڵام سەرەڕای ئەم داوای لێبووردنە، ئێمە بە هەر شێوازێک بێت بە توندی لێیان دەدەین."

لە بەرامبەردا، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لەسەر پەیمانی خۆی بۆ گەلەکەی جێگیر و بەردەوامە، هەروەها تا دوا هەناسە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی، خاکی پیرۆزی ئێران و سەربەخۆیی وڵات دەکات لە بەرامبەر هەر دەستدرێژیکارێک.

حاتەمی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئاسمانی ئێران گۆڕەپانی پاڵەوانێتی ئەو پیاوانەیە کە گیانی خۆیان بەخت کردووە و کردوویانە بە فیدای نیشتمان."

فەرماندەی سوپای ئێران راشیگەیاند، سوپا وەک هێزێکی پارێزەر پابەندە بە پاراستنی سەروەریی وڵات و رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە بیەوێت زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ئێران بگەیەنێت.