دەستەی ژینگە: ڤیدیۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەمان بۆ بنێرن کە دووکەڵی رەش دەکەن
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوای شارەکان، ڤیدیۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەیان بۆ رەوانە بکەن کە دووکەڵی رەش دەکەن، ئەمەش بە مەبەستی سزادانی شۆفێرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ.
دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر هاووڵاتییەک لەسەر شەقام و رێگەکان بینی ئۆتۆمبێلێک دووکەڵی رەش دەکات، دەتوانێت ڤیدیۆکەی تۆمار بکات و بۆ فەرمانگەی ژینگەی شارەکەی بنێرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڤیدیۆیانە وەک بەڵگە بەکاردێن بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ، رێکاری یاسایی بەرامبەر شۆفێرەکان بگیریێتەبەر و سزا بدرێن.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی پیسکردنی ژینگە سزا دراون و رێکارەکانیش توندتر دەکرێن. بۆ ئەو مەبەستە، دوو ژمارە تەلەفۆن وەک هێڵی گەرم دیاریکراون تاوەکو هاووڵاتییان ڤیدیۆ و دیمەنی ئۆتۆمبێلە سەرپێچیکارەکانیان بۆ بنێرن، کە بریتین لە: 078311239606 و 07501859805.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە ساڵی 2021ـدا رێنمایی ژمارە 2ـی تایبەت بە کوالێتی هەوا دەرکردووە، کە تێیدا رێکاری توند دژی هەر جۆرە پیسکردنێکی ژینگە دیاریکراوە. هاوکات ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تری دەرکردووە، کە بەپێی ئەوە هەر شۆفێرێک لە جامی ئۆتۆمبێلەکەیەوە پاشماوە و خۆڵ و خاشاک فڕێبداتە سەر شەقام، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە.