کتێبخانەی گشتیی هەولێر 10 هەزار کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی چەمچەماڵ کرد

کتێبخانەی گشتیی هەولێر لە دەستپێشخەرییەکدا نزیکەی 10 هەزار کتێبی جۆراوجۆری پێشکەش بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوەکەی ساڵی رابردووەوە بەر ئەو ناوەندە رۆشنبیرییە کەوتبوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کتێبخانەکەمان سەردانی چەمچەماڵمان کرد و دوای گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی خوێندن و کتێبخانەکان، نزیکەی 10 هەزار کتێبمان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە پێشکەش بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کرد."

بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی رووداوی لافاوەکە و لەناوچوونی کتێبەکان، بەڵێنی کۆکردنەوەی هاوکارییان دابوو، گوتیشی "ژمارەیەک لایەن و کەسایەتی بەدەم داواکارییەکەمانەوە هاتن، لەوانە: پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەر، ژمارەیەک پەرلەمانتار، نووسەر، رێکخراوە ناحکومییەکان و کەسایەتییە حزبی و حکومییەکان."

لەلایەن خۆیەوە، هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 50 هەزار کتێب لەلایەن خەڵکی دڵسۆزەوە کۆکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم 10 هەزار کتێبەی هەولێر "بۆشاییەکی گەورە لە کتێبخانەکەمان پڕ دەکاتەوە"، بەڵام پێویستیان بە پۆلێنکردنەوە هەیە چونکە بەشێکیان دووبارەن.

دەربارەی کاری نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی کتێبخانەکە، هێرش عەبدولڕەحمان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی "رێکخراوێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەرکی نۆژەنەکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام کارەکانی بە سستی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا تەنیا 35%ی کارەکان تەواو بووە، لە کاتێکدا بڕیار وابوو چەندین کاری دیکە بۆ کتێبخانەکە بکرێت، بەڵام ئەو رێکخراوە لە تەواوکردنی پرۆسەکە پەشیمان بوونەتەوە وبەشێک لە کارەکان ئێمە دەیکەین."

رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەتایبەت چەمچەماڵ، زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی قەزاکە کەوت و بەهۆیەوە 19 هەزار و 300 کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە لەناوچوون.

کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کە لە ساڵی 1976 دامەزراوە، یەکێکە لە ناوەندە دێرینەکان و خاوەنی هەزاران سەرچاوەی مێژووییە و نۆ کتێبخانەی دیکە لە سنوورەکەدا لەخۆ دەگرێت.