تورکیا؛ ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکان دەسووتێنێت
شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی باشوور و رۆژئاوای تورکیای گرتووەتەوە و بەهۆی بەهێزی باوەوە ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە و بەرپرسانیش ناچاربوون چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون و بەشێکی نەخۆشخانەیەکی حکوومی چۆڵ بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەترسیدارترین دۆخ لە ناوچەی سەیدیکەمەری سەر بە پارێزگای مووڵا تۆمارکراوە. ئاگرەکە هێندە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و نەخۆشخانەی حکوومی سەیدیکەمەر نزیک بووەتەوە، کە تیمەکانی فریاگوزاری ناچار بوون بەشەکانی چاودێری چڕ نەخۆشخانەکە بە تەواوی چۆڵ بکەن و نەخۆشەکان لە رێگەی ئەمبوڵانسەوە بۆ نەخۆشخانەی فەتحییە بگوازنەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، پارێزگاری مووڵا رایگەیاندووە کە 373 کارمەند، 5 فڕۆکە، 12 هێلیکۆپتەر و دەیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و تیمی پشتیوانی بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا. وەک رێکارێکی پێشوەختەش، تا ئێستا 43 ماڵ و 65 هاووڵاتی لە ناوچە مەترسیدارەکان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی ئارام.
جگە لە مووڵا، لە پارێزگاکانی ئەنتاڵیا، مانیسا، بالیکئەسیر، یالۆڤا و کوتاهیا ئاگرەکە بە چالاکی ماوەتەوە. لە ناوچەی ئالانیای سەر بە ئەنتاڵیا، ئاگرەکە گەیشتووەتە نزیک ماڵەکان و بووەتە هۆی چۆڵکردنی چەندین گەڕەک، ئەمە لەکاتێکدایە کە تیمەکان توانیویانە ئاگرەکەی ناوچەی قوملوجە تا رادەیەک کۆنترۆڵ بکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە لە هەندێک ناوچەی وەک ئیزمیر و چاناککالێ بەشێکی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام مەترسییەکە بە گشتی بەردەوامە و تیمەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ رێگریکردن لە هەر کارەساتێکی گەورەتر.