لە کۆبوونەوە نهێنییەکەی ئاسماندا ترەمپ پلانی چی داڕشتووە ؟
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی نھێنیی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سەربازی لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) ئەنجامداوەو کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی بژاردەکانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، ئەمەش دوای کوژرانی 4 سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پلانێکی پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ئاسمانیی چڕ کە 10 بۆ 14 رۆژ بخایەنێت، ئامانجی ئەم پلانە بریتییە لە تێکشکاندنی سیستەمی موشەکیی ئێران و کەمکردنەوەی توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
کووپەر پێی وایە وەشاندنی گورزی بەهێز بۆ سەر ژێرخانی موشەکیی ئێران، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پێویستی بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی بەرگریی ئاسمانی.
لە بەرامبەردا، دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، تێبینی و گومانی لەسەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان هەبووە، ئەو هۆشداری داوە لە کەمبوونەوەی کۆگای موشەکە بەرگرییەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا واشنتن پێویستی بە پاراستنی تواناکانیەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەڵەنگارییە ئەگەرییەکان لە ناوچەکانی دیکەی وەک زەریای هیندی، و ئەوروپا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران روویان لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئوردن و هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی رێڕەوە ئاوییەکان، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاندووە: بە توندی لە ئێران دەدەین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
بەشداریی ئیسرائیل:
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی ئەمریکی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەگەری بەشداریی ئیسرائیلیان لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان تاوتوێ کردووە، ئەگەر واشنتن بڕیاری بدات قۆناغی رووبەڕووبوونەوەکان فراوانتر بکات.
هەروەها خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، سەرەڕای ئەو گورزانەی لە مانگەکانی رابردوودا وەشێنراون، هێشتا 21 بۆ 22 لەسەدی سیستەمی موشەکیی ئێران بە ساغی ماوەتەوە و توانای کارکردنی هەیە، ئەمەش بووەتە پاڵنەر بۆ ئەوانەی داوای فراوانکردنی هەڵمەتە سەربازییەکە دەکەن.