محەمەد حەلبووسی گەیشتە هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی تەقەدووم و شاندی یاوەری بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە هەولێر.
بڕیارە لەم سەردانەدا حەلبووسی کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
دوێنێش سەرچاوەیەک تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو؛ لەم سەردانەدا شاندێکی باڵا یاوەریی محەمەد حەلبووسی دەکەن بۆ هەولێر، کە پێکهاتوون لە، ئەحمەد مەزهەر، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدوم لە پەرلەمانی عێراق، محەمەد تەمیم، وەزیری پیشەسازی و خالد بەتاڵ، سەرکردە لە پارتی تەقەدوم.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی سەردانەکە
- تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و عێراق.
- بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی تەقەدوم، لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا.
-رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکان.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکرێت، کە بەشێک لە وەزیرەکانی ماون تا سوێندی یاسایی بخۆن.
ئەم سەردانەی حەلبووسی لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دەرگایەکی فراوانتری گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هۆشیار زێباری دەستنیشانکراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.