پاڕکێکی گەورە و 10 پاڕکی دیکە لە دهۆک دروست دەکرێن

بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و زیادکردنی رووبەڕووی سەوزایی، پاڕکێک بەناوی پاڕکی "ئالوکایا" لەسەر رووبەری زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، شێروان حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک گوتیشی؛ ئەوەی پارکە لە پاڕکەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە، لەناو پارکەدا بەنداوێکی تێدایە و هەروەها رووباری ئیشکەڕۆ بەناو پاڕکەدا دەڕوات، هاوکات هۆتێلێکی تێدا دروست دەکرێت و گەشتیاران دەتوانن تێیدا بمێننەوە.

هەروا گوتیشی: یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو پارکە، رواندنی داری بەردارە لەوانە؛ هەزار دار توو و هەزار لیمۆ و چەندین دار و نەمامی دیکەی بەردار بۆ ئەوەی کاتێک گەشتیاران و هاووڵاتییان سەردانی پاڕکەکە دەکەن بتوانن لە بەرهەمی ئەو دارانە بخۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لە 25% ـی کارەکانی تەواو بووە و ئەگەر وەک ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوام بێت ساڵی داهاتوو پاڕکەکە دەکرێتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی دیکەی تایبەت بە ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک رایگەیاند، 10 پاڕکی دیکە لەناو گەڕەکەکانی دهۆک دروست دەکرێن و بەردەوامیش لە شەقام و شۆستەکانی شارەکە نەمام و گوڵی جۆراوجۆر دەڕوێندرێن. بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەش رێژەی سەوزایی پارێزگاکە بۆ 18% بەرز دەبێتەوە و سیمایەکی جوانیش بە شاری دهۆک دەبەخشن.