قەتەر دەنگۆی میوانداریکردنی شاندی ئێرانی رەتدەکاتەوە

باڵیۆزخانەی قەتەر لە دیمەشق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن شاندێکی ئێرانی بە سەرپەرشتی و چاودێری قەتەر گەیشتوونەتە سووریا و لە ناو تەلاری باڵیۆزخانەکەدا میوانداری کراون.

پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، باڵیۆزخانەی قەتەر لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە تەواو دوورن لە راستییەوە و هیچ بەڵگە و زانیارییەکی جێی متمانەیان لە پشت نییە، جەختیشی کردەوە بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکەیان بۆ میوانداریکردنی هیچ شاندێک یان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەو شێوەیە بەکارنەهێنراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو جوڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر لە ناو سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و بە شەفافیەت بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی خزمەتکردن بە سەقامگیری و پرۆسەی گفتوگۆ، دوور لە هەر کەناڵێکی نا فەرمی یان رێککەوتنێکی هاوتەریب.

باڵیۆزخانەی قەتەر داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و پشت بە زانیارییە دڵنیاکەرەوەکان ببەستن، چونکە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان دروست بکات.

ئەم رەتکردنەوەیەی قەتەر دوای ئەوە دێت، چەند رۆژنامە و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردبوو، شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی جەواد غەفاری، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئێران لە سووریا، چوار رۆژ لەمەوبەر سەردانێکی هەستیاری بۆ دیمەشق ئەنجامداوە لە ژێر چاودێری قەتەردا.

بەپێی ئەو دەنگۆیانە، سەردانەکە دوای کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و محەمەد رەزا شەیبانی، باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت هاتووە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر حکوومەتی لوبنان وەک کەسێکی نەخوازراو ناساندبووی و رەوانەی ئێرانی کردبووەوە.