بەرگریی شارستانی: نەبوونی مەرجی سەلامەتی و رەشەبا زیانەکانی ئاگرەکەی هەولێریان زیاد کرد

بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، رۆژێکی سەختیان بەڕێکردووە و توانیویانە 12 ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی هەولێر و دەوروبەری کۆنترۆڵ بکەن، ئاماژە بەوەش دەدات ئاگرێکی گەورە لەسەر رێگای کەرکووک زیانی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد "ئەمڕۆ رۆژێکی سەخت بوو بۆ تیمەکانمان، لە سنووری هەولێر و دەوروبەری نزیکەی 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی کارمەندانی ئێمە و هاووڵاتییانیش سەلامەتن".

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی ئاگریان لێ کەوتووەتەوە پێکهاتبوون لە ماڵ، شوێنی گشتیی، کەمپ و کۆگا. گوتیشی "تەواوی ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون".

سەبارەت بەو ئاگرە گەورەیەی لەسەر ڕێگای هەولێر - کەرکووک کەوتەوە، شاخەوان سەعید روونی کردەوە "کاتژمێر 8:34ـی بەیانی ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی ئاگر لە کارگەیەکی رۆنی ئۆتۆمبێل، تیمەکانمان بە تەواوی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی بوونی رەشەبایەکی بەهێز، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند و رێگربوو لەوەی زوو کۆنترۆڵ بکرێت".

ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی جەختی لەوەش کردەوە، ئەو شوێنانەی مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگر تێیاندا قورس دەبێت، گوتیشی "ئەو کۆگایەی ئەمڕۆ سووتا، مەرجی سەرەکیی سەلامەتی کە سیستەمی ئاوپڕژێنە تێدا نەبووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سێ کۆگا بەتەواوی بسووتێن و دابڕمێن و زیانێکی زۆری ماددی بەخۆیان و دەوروبەریان بگات".

لەبارەی رێکارەکانی دوای رووداوەکە، شاخەوان سەعید ئاشکرای کرد "لیژنەکانی ئێمە لە رێگەی کامێرا چاودێرییەکانەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش وردەکارییەکان دەخەینە ڕوو".

هاوکات بەهۆی چڕی دووکەڵی ئاگرەکە و مەترسییەکانی لەسەر شۆفێران، ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک بۆ ماوەیەک لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە بە تەواوی داخرابوو تا ئەو کاتەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.