پێنتاگۆن گرێبەستێکی 58 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی مووشەکی پاتریۆت واژۆ دەکات
واشنتۆن رووبەڕووی کەمبوونەوەی جبەخانە سەربازییەکەی دەبێتەوە
وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا، گرێبەستێکی پێوانەیی لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" واژۆ کرد بە مەبەستی بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی "پاتریۆت" کە بەهای گشتییەکەی دەگاتە 58.62 ملیار دۆلار، ئەمەش بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیە دێت کە لە جبەخانەی چەکەکانی ئەمریکادا بەهۆی ململانێ گەشەسەندووەکانی جیهانەوە دروستبووە.
پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) واژۆکردنی گرێبەستێکی پێوانەیی لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی "پاتریۆت" راگەیاند، کە بەهای گشتییەکەی دەگاتە 58.62 ملیار دۆلار.
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دابەزینە توندەی لە کۆگاکانی چەکی ئەمریکادا بەهۆی گرژی و ململانێ گەشەسەندووەکانی جیهانەوە روویداوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی گرنگە؛ بەو پێیەی گرێبەستێکی پێشوو کە تەمەنی یەک ساڵ بوو و بەهای 4.7 ملیار دۆلار بوو (کە لە نیسانی رابردوودا واژۆ کرابوو)، گۆڕدراوە بۆ پلانێکی دابینکردنی درێژخایەنی 7 ساڵە. ئەم پلانە کڕینی فرەلایەنی سیستمی بەرپەرچدەرەوە لە ساڵی دارایی 2026 تا 2032 دەگرێتەوە.
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن لە کاتێکدایە کە فشارێکی زۆر لەسەر جبەخانەی بەرگریی ئاسمانی و چەکەکانی ئەمریکا دروستبووە، دوای ئەوەی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی لە چالاکییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئێران بەکارهێنران، هاوکات لەگەڵ ئەو پاڵپشتییە سەربازییە بەرفراوانەی واشنتن پێشکەشی هاوپەیمانەکانی کردووە. ئەم دۆخەش ترسی ناوخۆیی لای بەرپرسانی ئەمریکا دروست کردووە لە ئەگەری دابەزینی ئامادەیی ستراتیژیی سوپای وڵاتەکە.