ئاگادارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەنزینیان بە کارتی ئەلیکترۆنی وەرگرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و تێیدا رایگەیاند: ئەو کەسانەی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بەنزینیان وەرگرتووە، ناتوانن بۆ رۆژانی دواتر بۆ جارێکی دیکە سووتەمەنی وەربگرنەوە تا ئەو کاتەی ئاگاداریی نوێ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.

پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێری سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی فەرمی و رێنماییەکی نوێی لە بارەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین بە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی بڵاو کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی کە لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە پشکی بەنزینی خۆیان وەرگرتووە، ئاگادار دەکرێنەوە کە ناتوانرێت بۆ رۆژانی دواتر دووبارە بەنزینیان پێبدرێتەوە. ئەم رێکارەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی فەرمی تایبەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین بۆ جاری دووەم (گەڕی دووەم) بڵاو دەکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، بۆ یەکەمجار لە بەنزینخانەیەکی هەولێر بە شێوەیەکی تاقیکاری، دەست کرا بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە.

لەو بارەیەوە سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتوبوو: "ئەو کارتەی کە شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزینەکە بە کاری دەهێنن، هەمان ئەو کارتەیە کە پێشتر بۆ وەرگرتنی گازی ماڵان بەکار دەهات."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رێکخستنەوەی دابەشکردنی سووتەمەنی و رێگریکردن لە بەهەدەرچوونی بەنزینی پاڵپشتیکراو، تاوەکوو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی هاووڵاتییان.