ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوو فەتوای نوێ دەردەکات

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، دوو فەتوای نوێی لەبارەی مامەڵە بازرگانییەکان و پاراستنی مافی ئاژەڵان دەرکرد، تێیدا حوکمی شەرعی گەرەنتی بۆ کەلوپەل و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جۆراوجۆر بۆ گیانداران روون دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری شەرعی هاووڵاتییانی دایەوە و تیشکی خستە سەر دوو پرسی گرنگ:

یەکەم: حوکمی گەرەنتی (ضمان) بۆ کەلوپەل

سەبارەت بە پێدانی گەرەنتی لە کاتی کڕینی ئۆتۆمبێل، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی دیکە، ئەنجوومەنی فەتوا رایگەیاندووە، ئەم کارە لە رووی شەرعییەوە دروستە.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە مەرجانە ئێستا بوونەتە "عورفێکی بازرگانی" و لە زۆربەی مەزهەبە فیقهییەکاندا (حەنەفی، شافیعی و حەنبەلی) بنەمای شەرعییان بۆ دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ دروستیی ئەم مامەڵەیە، پێویستە ئەم چوار مەرجە رەچاو بکرێن:

1- نرخی گەرەنتی: نابێت پارەی گەرەنتییەکە لە نرخی کاڵاکە جیا بکرێتەوە یان بە جیا بفرۆشرێت، چونکە دەچێتە خانەی "ناڕوونی و قومار".

2- روونی مەرجەکان: دەبێت ماوەی گەرەنتییەکە و جۆری چاککردنەوە یان گۆڕین بەتەواوی لەنێوان کڕیار و فرۆشیاردا روون بێت.

3- پاراستنی کاڵا: نابێت کڕیار بە ئەنقەست یان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە زیان بە کاڵاکە بگەیەنێت.

4- گێڕانەوەی خێرا: هەر کاتێک کڕیار عەیبێکی لە کاڵاکەدا دۆزییەوە، پێویستە دەستبەجێ بەکاری نەهێنێت و بیگەیەنێتەوە دەست فرۆشیار.

دووەم: نەشتەرگەریی چارەسەری و جوانکاری بۆ ئاژەڵ

لە بەشێکی دیکەی فەتواکەدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا باسی لە پرسی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ گیانداران کرد و بڕیارەکەی بۆ دوو بەش دابەش کرد:

• نەشتەرگەریی چارەسەری: ئەگەر مەبەست لێی چارەسەرکردنی نەخۆشی، چاککردنەوەی ئەندامێکی شکاوی ئاژەڵەکە یان لابردنی ئازار بێت، ئەوا کارێکی دروستە و هەندێک جار دەبێتە "موستەحەب"، چونکە ئیسلام فەرمانی بە چاکە و رەحمکردن بە زیندەوەران کردووە.

• نەشتەرگەریی جوانکاری: ئەگەر نەشتەرگەرییەکە تەنیا بۆ گۆڕینی شێوە بێت بە مەبەستی شانازی، خۆهەڵکێشان یان بەشداری پێکردن لە پێشبڕکێی جوانکاری، ئەوا دروست نییە (حەرامە).

ئەنجوومەنەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەمە "گۆڕینی خەلقە" و ئازاردانی ناپێویستی گیاندارەکەیە، هەروەها بە جۆرێک لە "ئیسراف" ئەژمار دەکرێت.