ئەکسیۆس پەردە لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لادەدات
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، ناڕەزایەتی و ناکۆکییەکانی نێوان جەی دی ڤانس، بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر پرسی دیپلۆماسی و بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران، گەیشتووەتە ئاستی تۆمەتبارکردنی کەسیی یەکتر لە پشت پەردەکانەوە.
پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ناکۆکییەکانی نێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر پرسی دیپلۆماسی و بەردەوامیی جەنگیی ئێران، تەقیوەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی تۆمەتە کەسییەکان لە دژی یەکتر.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم پێگە هەواڵییە، گرژییەکان لە پشت پەردەوە توندتر بوونەتەوە؛ بەو پێیەی ناتانیاهۆ لە رەخنە گشتییەکانی ڤانس رازی نەبووە، لە بەرامبەردا ڤانس پێی وابووە کە ناتانیاهۆ لە رێگەی یاریدەدەر و میدیا لایەنگرەکانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی پێگەی سیاسیی ئەو دەدات.
ئەکسیۆس دەڵێت: ڤانس، ناتانیاهۆی بە تێکدانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران و هەروەها نیشاننەدانی دڵسۆزیی پێویست بۆ دۆناڵد ترامپ تۆمەتبار کردووە. لە هەمان کاتدا ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا رەخنەی لە رۆڵی ڤانس لە ململانێ سەربازییەکاندا گرتووە.
لەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشەکان، ڤانس رۆڵێکی گەورەتری لە سیاسەتی جەنگ و گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران گرتە ئەستۆ، کە دەرئەنجامەکەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران بوو، کە ڤانس بە توندی بەرگریی لێ دەکرد؛ بەڵام ناتانیاهۆ دژی رێککەوتنەکە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاشکرا دژایەتی نەکرد.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هەردوو سەرکردەکە لە واشنتن کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا. بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی کۆبوونەوەکەیان بە راشکاو و راستەوخۆ وەسف کردووە. جەی دی ڤانس لە سەرەتای جەنگەکەوە وەک بەهێزترین دەنگی بە گومان لە سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ لە نێو بازنەی نزیک لە ترەمپدا دەردەکەوێت و رەخنەکانی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام روو لە زیادبوونن.