کیم جۆنگ ئون دەچێتە مۆسکۆ
رووسیا و کۆریای باکوور یەکەم رێگەی وشکایی نێوانیان دەکەنەوە
کیم جۆنگ ئون رێبەری کۆریای باکوور سەردانی رووسیا دەکات و لە رێوڕەسمێکدا پردێکی پەڕینەوە لەسەر رووباری تومێن دەکاتەوە، کە دەبێتە یەکەم رێگەی وشکایی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، کیم جۆنگ ئون رێبەری کۆریای باکوور لە سەرەتای مانگی ئەیلوول بە سەردانێکی چوار رۆژە گەشتێکی رووسیا دەکات.
بەگوتەی سەرچاوەکە ئەگەر سەردانەی ڕێبەری کۆریا بەشداربوونە لە کۆنفرانسی ئابووریی رۆژئاوایە، کە بڕیارە لە 1 تا 4ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەگەری هەیە لەمیانەی سەردانەکەیدا، کیم جۆنگ ئون لە رێوڕەسمێکدا، لە رۆژئاوای رووسیا پردی پەڕینەوە لە رووباری تومێن دەکاتەوە، کە شارۆچکەی تومانگانگی کۆریای باکوور و شارۆچکەی خاسانی رووسیا بەیەک دەگەیەنێت، سەرچاوەکە پێشبینی دەکات، کردنەوەی پردەکە و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی ئابووری هاوکات کات بن.
یۆنهاپ ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، چوو سون هوی دیپلۆماتکاری باڵای کۆریای باکوور 20ـی ئەم مانگە لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا گفتوگۆی کردووە و مەزندە دەکرێت، بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان پەیوەست بێت بە دیداری لووتکەی نێوان هەردوو سەرۆکی کۆریای باکوور و رووسیای فیدراڵ.
کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووری لە ناوەڕاستی ئەیلوولی 2023 بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی سەردانی رووسیای کرد و لە هەرێمی پریمۆرسکی رووسیا لە سیبریا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە و ئەو کات هەردوو سەرۆک لەو دیدارە لووتکەی نێوانیادا گرێبەستێکی نوێی چەکیان واژۆکرد، هەر ئەو کات سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی لە پشتیوانی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ رووسیا دەربڕی لە جەنگی ئۆکرانیا، هەرچەندە کۆریای باکوور لەدوای 1953ـەوە بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە، بەڵام یەکێکە لە پڕچەکترین وڵاتان و بە نەیارێکی سەرەکی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دادەنرێت.
پردی رووباری تومێن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان
رووسیا و کۆریای باکوور سەرقاڵی تەواوکردنی یەکەم پردی هاتوچۆی وشکانی نێوانیانن، کە لەسەر رووباری تومێن، شارۆچکەی خاسانی رووسیا بە تۆمانگانگ لە کۆریای باکوور دەبەستێتەوە، بڕیار بوو پڕۆژەکە لە 19ی حوزەیرانی رابردوو بکرێتەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ دووەمین ساڵیادی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی نێوان ڤلادیمێر پووتین و کیم جۆنگ ئون، کە پەیمانی بەرگریی هاوبەشی لە حاڵەتی دەستدرێژیدا لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بەشە رووسییەکە، کردنەوەی پردەکە دواخرا.
پردێک بۆ بازرگانی یان بۆ ئامانجی سەربازی؟
سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پردەکە وەک هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و گەشتیاری نیشان دەدەن، بەڵام توێژینەوەی رێکخراوی "Truth Hounds"ی ئۆکرانیا گومانی هەیە. تێچووی پڕۆژەکە بە زیاتر لە 110 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2024 دا تەنیا 34 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها دۆخی گەشتیاریش بەهۆی داخستنی سنوورەکانی کۆریای باکوورەوە، پاساوێکی لۆژیکی نییە بۆ ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحە.
رێکخراوەکە پێی وایە ئەم ژێرخانە زیاتر رەهەندێکی ستراتیژی هەیە و دەتوانێت وەک رێڕەوێکی لۆجستی بەکاربێت بۆ گواستنەوەی سەرباز و کەرەستەی سەربازی و تەکنەلۆژیا، بەبێ ئەوەی بە ئاسانی لەلایەن رۆژئاواوە چاودێری بکرێت. گواستنەوەی بارهەڵگرەکان بەراورد بە شەمەندەفەر، کەمتر سەرنجی مانگە دەستکردەکان رادەکێشێت و خێراترە.
پەیوەندیی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ
پردە نوێیەکە 500 مەتر لە باشووری "پردی دۆستایەتی" دروست دەکرێت، کە لە ساڵی 1959ـەوە تاکە رێگەی وشکانیی نێوان هەردوو وڵات بووە. بەگوێرەی راپۆرتی تیمێکی نێودەوڵەتیی چاودێریی سزاکان (MSMT)، کۆریای باکوور لە ساڵی 2023ـەوە زیاتر لە 20 هەزار کۆنتێنەری پڕ لە تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی بۆ رووسیا ناردووە، لەوانە نزیکەی نۆ ملیۆن گوللـە تۆپ و بەلایەنی کەمەوە سەد مووشەکی بالیستی تێدا بوو بێت.
سەربازانی کۆریای باکوور لە ئۆکرانیا
هاوکارییە سەربازییەکان تەنیا بە ناردنی چەک کۆتایی نەهاتووە. پێشبینی دەکرێت نزیکەی 14 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە کۆتایی 2024 بۆ بەرەکانی جەنگ لە ناوچەی کورسکی رووسیا دژی ئۆکرانیا رەوانە کرابن، کە بەپێی ئاماری هەواڵگریی کۆریای باشوور، نزیکەی دوو هەزار کەسیان کوژراون. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری داوە کە رووسیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ وەرگرتنی 30 هەزار سەربازی دیکەی کۆریای باکوور.
زێلێنسکی پێی وایە رووسیا یارمەتیی کۆریای باکوور دەدات تاوەکوو فێری شەڕ بێت، پەرە بە چەکەکانی بدات و ئەزموونێکی راستەقینەی جەنگ بەرجەستە بکات، ئەمەش بۆ وڵاتانی ئاسیا مەترسییە.
لە بەرامبەردا، راپۆرتی تیمێکی نێودەوڵەتیی چاودێریی سزاکان جەخت دەکاتەوە کە رووسیاش بەرامبەر بەم هاوکارییانە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی جەنگی ئەلیکترۆنی و بڕێکی زۆر نەوتی پاڵێوراو، دوور لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆریای باکوور دابین دەکات. راپۆرتەکە دەریدەخات کە پردە نوێیەکە ئاسانکاری بۆ ئەم پەیوەندییە سەربازییە دەکات و رێگەیەکی خێراتر و بەهێزتر بۆ پشتیوانیی جەنگەکە دابین دەکات.