ئەمریکا سزای نوێ بەسەر تۆڕەکانی پاڵپشتیی کۆمپانیای 'ماهان'ـی ئێرانی سەپاند

واشنتن سزای بەسەر 6 کۆمپانیا و کەسایەتیدا لە چوار وڵات سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا سەپاند کە پاڵپشتی لە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان"ی ئێرانی دەکەن؛ بە تۆمەتی ئەوەی هێڵە ئاسمانییەکە بۆ گواستنەوەی چەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەندامانی سوپای پاسداران بەکارهێنراوە.

پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: شەش قەوارە و کەسایەتی لە چین، هیندستان، رووسیا و ئێران خراونەتە لیستی سزاکانەوە، بەهۆی ئەوەی وەک بریکاری فرۆشتن و تۆڕی پاڵپشتی بۆ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهانی ئێرانی کاریان کردووە، کە پێشتریش لەژێر سزای ئەمریکی و ئەورووپیدا بووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هێڵە ئاسمانییە نیشتمانییە بۆ گواستنەوەی چەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکدارانی سوپای پاسدارانی ئێران بەکارهێنراوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، سزاکان ئەو تۆڕە جیهانییانە دەگرنەوە کە دەستەبەری بەردەوامیی کارەکانی هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی دەکەن.

ئەمریکا لە رێگەی وەزارەتی گەنجینەوە، ماوە بە ماوە سزا بەسەر کەسایەتی، قەوارە و کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهاندا دەسەپێنێت، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسایەتی و قەوارانە پاڵپشت و هاوکاری ئێرانن هەم لە کڕین و فرۆشتنی نەوتەکەی، هەم لە دروستکردنی درۆن.