عێراقچی: ئاسایشی میسر بۆ ئێمە گرنگە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تێوەگلانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر بەندەری دەمیات لە میسر رەتکردەوە و رایگەیاند، ئاسایشی میسر بۆ ئێران گرنگە و پارێزراوی ناوچەکە ئەرکێکی هاوبەشە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە "میسر دۆست و هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەکەیە و پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێکی تایبەتی هەیە".

عێراقچی لە پەیامەکەیدا هۆشداری دا لەوەی کە دەبێت هەموو لایەک وریای "پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیل" بن بۆ تێکدانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشەیەکی روون و هاوبەش لەسەر کۆدەنگیی وڵاتانی موسڵمان هەیە، کە پێویست دەکات بە هەماهەنگی رووبەڕووی ببنەوە.

ئەم کاردانەوەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی 29ـی تەممووزی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی کە گازی شلی بارکردبوو لە بەندەری دەمیاتی میسر لەسەر دەریای ناوەڕاست. بەهۆی ئەو هێرشەووە، ئاگر لە دوو کەشتی کەوتەوە و زیانی ماددییان بەرکەوت.